کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی ئاو لە کوردستان، جیددییە

11:31 - 7 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەهەمبەر پیسبوون و پچڕانی ئاو لە شارەکانی کوردستاندا، کێشەی ئاو هێشتا چارەسەر نەکراوە  و بووەتە کێشەیەکی جیددی بۆ سەر سروشت و ژیانی خەڵک.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئاوی خواردنەوەی شاری سنە، زۆر پیسە و تام و بۆنێکی ناخۆشی هەیە و لە زۆربەی شوێنەکانیشدا تەوژمەکەی زۆر کەمە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕایگەیاند کە ئێستاکە ئاوەڕۆ و پیسایی ٥٨ گوند، لەوانە "حوسێن ئاوا" و "سەرووقامیش" کە حەشیمەتێکی زۆریشیان هەیە، دەڕژێتە نێو بەنداوی قشڵاخەوە کە دابینکەری سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی سنەیە.

ئەم سەرچاوە باسی لەوە کرد کە ئەم کێشەیە تەنیا تایبەت بە شاری سنە نییە و پیسبوونی ئاوی گۆلی زرێباریش دەتوانێت کیشەگەلێکی ژینگەیی بەرچاو بە دوای خۆیدا بێنێت، کە هەڕەشە بۆ سەر سروشت و بۆ سەر خەڵکیش بێت.

بەناو بەرپرسان و کارگێڕانی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای سنە، کەسانێکی ناشارەزا و ناکارامەن کە تەنیا لە ڕێگەی گەندەڵیی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمەوە دیاری کراون و پسپۆڕییەکی تایبەتیان لەم بوارەدا نییە.

پاش تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ بە سەر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا، زۆربەی شار و گوندەکانی ئێران ئاوی خواردنەوەیان نییە و بەناو بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا خەریکی بەرتیل خواردنن و هیچ گرینگییەک بە کێشەکانی خەڵک نادەن.