کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی ئاو و زێراو لە کرماشان خەڵکی وەزاڵە هێناوە

11:47 - 5 بەفرانبار 2720

''عەلیڕەزا کاکاوەند'' بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان کێشەی زێراوی ئەو شارەی بە یەکێک له سەرەکیترین کێشەکان وەسف کردووە و وتوویەتی کە هیچ یەک لە پارێزگاکانی ئێران هەتا ئەو ڕادەیە کێشەی زێراویان نییە.

ناوبراو کێشەی زێراوی کرماشانی بۆ هێڵی گواستنەوە و پاڵاوتگەی ئەو شارە گەڕاندووەتەوە.

"کاکاوەند'' بەنیسبەت دابینکردنی ئاوی شاری کرماشان باسی لەوە کردووه: "هاوینی ئەمساڵ بەسەختی تێپەڕی و لە ئێستاوە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی کرماشان لە وەرزی گەرمای ساڵی داهاتوو نیگەرانیمان بۆ دروست بووە".

هەروەها بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، ١٢٠ گوند بە تانکێر ئاویان بۆ دەچێت کە ئەم ژمارەیە لە وەرزی گەرمادا دەگاتە ٢٠٠ گوند.

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان باسی لەوە کردووە، بۆ ئەوەیکە کێشەی کەمئاویی گوندەکان بە تەواوی چارەسەر بێت، ٧٠٠ میلیارد تمەن بودجە پێویستە.

بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم لەو شارە سەرەڕای ئەوەیکە وەکوو پێشوو بەڵێنی دەدەن کە کێشەکان چارەسەر دەکرێن، بەڵام هیچ هەوڵێک بە شێوەی کردەوە لەپێناو لابردنی ئەو کێشانە ئەنجام نەدراوە و خۆیان وەکوو کەسێکی بێ‌ لایەن نیشان دەدەن.