کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی ئاوی خواردنەوەی سنە هەروا بەردەوامە

11:17 - 20 رەزبەر 2720

ماوەیەکی زۆرە کە ئاوی خواردنەوە لە سنە پیسە و تام و بۆنی ناخۆشی ئاو خەڵکی ئەو شارەی وەزاڵە هێناوە.

هەموو ساڵێک پاییزان، ئاوی خواردنەوەی سنە پیس دەبێت و بە ئاستێک تام و بۆنی دەگۆڕدرێت کە خەڵک ناچار دەبن بۆ دابینکردنی ئاو لە کانییاوەکان ئاو بێنن یان ئاو بکڕن.

سەرەڕای داواکاریی زۆری خەڵک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە، بەرپرسانی پەیوەندیدار تەنیا کۆبوونەوە دەگرن و بە سەردانگەلێکی بێ ئەنجام خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن.

ساڵی ڕابردوو بڕیار بووە کە ئاوی بەنداوی ئازادی سنە بڕژێندرێتە نێو پاڵاوتنگە، بەڵام ئەویش تەنیا هەر لە چوارچێوەی قسەدا بووە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها بڕیار وابووە کە نەهێڵن ئاوەڕۆی گوندەکان بچێتە نێو بەنداوی "وەحدەتـ"ـی سنەوە و تەنانەت بودجەشی بۆ دابین کراوە، بەڵام ئەو کارەش تا ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتووە.

"شەهرام مەلەکی" جێگری هاوئاهەنگیی کاروباری ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە پاڵاوتنگەی ژمارە ١ی سنە پێویستیی بە کەرەستەی نوێیە و بڕیار بووە سەرەتی بە دابینکردنی دەزگای "ئۆزۆن لێدەر" بدرێت.

ناوبراو وتوویەتی کە "ئۆزۆن لێدان" دەبێ لە ماوەی یەک حەوتوودا جێبەجێ بکرێت چونکە خەڵک ئیتر تاقەتیان نەماوە و گواستنەوەی ئاوی بەنداویش بۆ پاڵاوتنگە ناتوانێت بەخێرایی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.

لە ئێستادا کە کۆرۆنا دیسانەوە زەختی لەسەر خەڵک زیاتر کردووە و خەڵک بۆ خۆپاراستن لەو پەتایە پێویستییان بە ئاوی خاوێنە، پیسبوونی ئاو لەو پارێزگایەدا قەیرانێکە کە دەبێ بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و لە بەرانبەردا بەرپرسانی ڕێژیم تا ئێستا هەوڵێکی کردەییان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە نەداوە.