کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی بێ خزمەتگوزاری لە کوردستان هەروا درێژەی هەیە

13:59 - 18 پووشپەڕ 2720

خەڵکی شارەکانی "ئیلام" و "ڕوانسەر" لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا ئاوی خواردنەوە و کارەبایان نییە و ناچارن بە توونگە ئاوی خواردنەوەیان دابین بکەن.

لە "ڕوانسەر" بۆ ماوەی زیاتر لە دوو حەوتوویە خەڵک بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن و بە ناچاری بە توونگە ئاوی پێوێستی خۆیان دابین دەکەن.

گەڕەکەکانی "ساڵح ئاوا، گڵ چەرموو، فەرهەنگیان و مەسکەن مێهر"ی "ڕوانسەر"، ئەو شوێنانەن کە زۆرترین کێشەی بێئاوییان هەیە.

هەرچەند کە خەڵکی ئەو گەڕەکانە چەندین جار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و کێشەی خۆیان بە بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو شارە و پارێزگا گەیاندووە و لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە بەڵێنیی چارەسەرییان پێ دراوە، بەڵام هەنووکەش ئەو کێشانە هەر بەردەوامن و وڵامێکی ئەرێنییان پێ نەدراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە هاوکات لەگەڵ نەبوونی ئاو بۆ چەند کاتژمێر لە شەو و ڕۆژدا، کارەبای ئەو شارە دەپچڕێت و خەڵک ژیانیان تاڵتر بووە.

 لە گەرمای هاویندا نەبوونی ئاو و کارەبا ڕێخۆشکەرییە بۆ چەندین نەخۆشی و کێشەی تەندروستی و لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا ئەو کێشەیە هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ژیانی خەڵک.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە شاری "ئیلام"  بۆ سێ ڕۆژ دەچێت گەڕەکانی "ڕەزمەندەگان، پشت زانکۆی باختەر و تاکسیڕانی" بێئاو و کارەبا ماونەتەوە و چەند منداڵ بەبۆنەی ئەو کێشانەوە نەخۆش کەوتوون.

شاری "ئیلام" بۆ ماوەیەکی زۆرە بێئاوی و بێ خزمەتگوزاری تەنگی پێ هەڵچنیون و کەسێکیش ئاوڕ لە کێشە و مەینەتی خەڵکی ئاو شار و ئەو پارێزگایە ناداتەوە.

پارێزگای "ئیلام" خاوەن کەمترین ڕووبەر و حەشیمەتە لە ئاستی ئێراندا بەڵام کێشە و گرفت، بێکاری و بێ خزمەتگوزاری کارەساتێکی وای بار هێناوە کە بە پێتەختی "خۆکوژیـ"ـی جیهان ناسراوە.