کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی تانکێرە ڕاگیراوەکانی سەر سنوور چارەسەر نەکراوە

13:39 - 8 خاکەلێوه 2721

ماوەیەکی زۆرە کە ڕێژیم ڕێژەیەکی زۆر لە تانکێرەکانی هەڵگری بەنزینی لەسەر سنوور ڕاگرتووە و ئیزنی چوونە ژوورەوە بۆ هەرێمی کوردستانیان ناداتێ و ئەمە بووەتە هۆی زیانێکی زۆری مادی و هەروەها هەڕەشەشە بۆ سەر خاوەن تانکێرەکان.

بەپێی ئەو زانیارییانە کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، تانکێرەکانی هەڵگری بەنزین کە نزیکەی ٢ هەزار و ٨٠٠ ماشین دەبن، ماوەی دوو مانگە لە سنووری حاجی عومەران ڕاگیراون و بەرپرسانی ڕێژیم لە چوونەژوورەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕێگرییان کردووە.

ئەو ماشینانە لە بەندەر عەباسەوە بار هەڵدەگرن و لە سنووری حاجی عومەرانەوە ئاودیوی هەرێمی کوردستان دەبن و دەچنە شاری هەولێر.

بەرپرسانی پەیوەندیدار بە شۆفێر تانکێرەکانیان ڕایانگەیاندووە کە دەبێ بچنە خاڵی سنووریی باشماخ و لەوێوە بچنە سلێمانی.

شۆفێر تانکێرەکان لە بەرانبەر ئەو بڕیارەدا مانیان گرتووە و داوای مافی ئەو دوو مانگەی دەکەن کە ڕێگایان لێ گیراوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم لە ڕاگەیاندنەکاندا وتبووی کە ئەو کێشەیە کۆتایی پێ هاتووە و هیچ ماشینێک لەسەر سنوور نەماوە.