![](/content/upload/1/news/46770_w920.jpg)
گرتە ڤیدیۆیەک کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵگیراوەتەوە پیشان دەدات کە خەڵکێکی زۆر لە بەردەم دەرمانخانەکان لە سەفی کڕینی ئەنسۆلیندا ڕاوەستاون.
ڕاوەستانی خەڵک لە سەفەکاندا کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ناچار کردووە کە دان بە نەبوونی پاشکەوتی دەرمانی ئەنسۆلین دابنێن.
"حەیدەر محەممەدی" بەڕێوەبەری گشتیی دەرمان لە ئێراندا وتوویەتی: "تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ پاشکەوتی ئەنسۆلینمان هەیە لەکاتێکدا دەبا بۆ سێ مانگ پاشکەوتمان هەبا و بیانوی جۆراوجۆری بۆنەبوونی دەرمانی ئەنسۆلین هیناوەتەوە".
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم یەکێک لە بیانوویەکانی نەبوونی دەرمانی ئەنسۆلینی گەڕاندووەتەوە سەر هەڵکشان و داکشانی دراو و وتوویەتی: "شیرکەتەکان ئەگەر کێشەی دراویان نەبا دەیانتوانی بە ئاسانی پاشکەوتی دەرمانی ئەنسۆلینیان هەبا".
هەرەوها تووشبووان بە نەخۆشیی شەکرە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە کە ئەوەش هۆکارێکی دیکەی نەبوونی ئەنسۆلین لە ئێراندایە.
"حەیدەر محەممەدی" هۆکاری دیکەی نەبوونی ئەنسۆلینی گەڕاندووەتەوە بۆ قاچاخی دەرمانی ئەنسۆلین بەهۆی ئەوەیکە نرخی ئەو دەرمانە لە ئێراندا بەنیسبەت وڵاتانی دراوسێ زۆر هەرزانترە.