کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی ماڵی لە تیمی والیباڵی مەریوانی بردەوە

19:24 - 29 بانەمەڕ 2720

تیمی والیباڵی مەریوان ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەیکە بەرپرسانی ڕێژیم پاڵپشتیی ماڵیی ئەو تیمەیان نەکرد، نەیانتوانی بچن بۆ کێبڕکێی کۆتایی "لیگی بەرتەر".

بەڕێوەبەری گشتیی تیمی والیباڵی مەریوان ڕایگەیاندووە، پێشتر بەرپرسانی پارێزگای سنە بەڵێنیی یارمەتی و پاڵپشتیی ماڵییان داوە بە ئیمە، بەڵام لە ئێستادا کە بۆ "لیگی بەرتەر" و قۆناغی سەرەوەتر چوون، لە بەڵێنیی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە و چیتر ناتوانین بەشداری لە کێبڕکێی داهاتوودا بکەین.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی تیمی والیباڵی مەریوان زیادی کردووە، لە شار و پارێزگاکانی دیکەی ئێران، تیمە والیباڵییەکان لەژێر ناوی جۆراوجۆر لە لیگی بەرتەردا بەشداری دەکەن و یارمەتیی تایبەتیان پێ دەدرێت، بەڵام لە شاری مەریوان و شارەکانی دیکەدا هیچ پاڵپشتی و یارمەتییەک نادرێت کە ئەمە بۆ ئێمە جێگای تێڕامانە.

تیمی والیباڵی مەریوان لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک لاوی بەتوانای بووە و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە و دەیتوانی زۆر زیاتر سەربکەوێت، بەڵام ڕێژیم هیچ پاڵپشتییەکیانی نەکرد. سیستمی هەڵاواردن و پشتگوێخران لەلایەن ڕێژیمەوە ڕێگر بوو لەوەی لاوان توانای وەرزشیی خۆیان نیشان بدەن.