کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی نێوان ئەرمەنستان و کۆماری ئازەربایجان قووڵتر بووەتەوە

11:56 - 9 جۆزەردان 2721

وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاندووە لە ئەنجامی تەقەی نێوان هێزەکانی ئەرتشی ئەرمەنستان بۆ سەر خاکی ئازەربایجان سەربازێکی ئەو وڵاتە بریندار بووە.

لەلایەکی دیکەوە ئازەربایجان شەش سەربازی ئەرمەنستانی بە دیل گرتووە. دوای ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەوە، یەکیەتیی ئورووپا داوای لەو دوو وڵاتە کردووە کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بێنن.

"ئارمەن گریگۆریان" سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی ئازەربایجان ڕایگەیاندووە: "ئەگەر هەنگاوی پێویست بۆ کێشەکان هەڵنەگیردرێت دۆخەکە کۆنترۆڵ ناکرێت".

لە دەستپێکی شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا لەسەر ناوچەی "قەرەباغ" کە ناوچەی سنووری و دراوسێی ئێرانە، ڕێژیمی ئێران بەتوندی نیگەرانیی خۆی لەو شەڕە دەربڕیوە.

ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات نێوبژیوانی لەو شەڕەدا بکات بەڵام ئەو هێزەی نییە.

لە ئێراندا نزیک بە٢٠ ملیۆن ئازەری زمان هەیە کە مەترسییەکی جیددییە بۆ سەر ئەمنییەتی ئێران و تارانیش نایهەوێ لەو شەڕەدا شکست بخوات، بەڵام دەستێکی لاوازی هەیە.

بە زمانێکی ساکار؛ ئێران لە پێگەیەکدا نییە کە بتوانێت دژکردەوە بەرانبەر ئازەرییەکان پیشان بدات. کۆمەڵگەی ئازەری لە ئێراندا ئەمڕۆ بە ئاگاهی و جۆش و خرۆشەوە لەپشت باکوویه.

بەهەرحاڵ ئێران وڵاتێکی چەند نەتەوەییە و تاران ئامادەگیی ئەوەی نییە پێش بە شۆڕشی نەتەوە سەرکوتکراوەکان بگرێت.

لەئێستادا هەموو نەتەوەکانی ئێران خەباتی خۆیان دەست پێکردووە، لە گرووپی "جەیشولعەدلـ"ـەوە بگرە هەتا خەباتی خەڵکی کوردستان.