کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی نەبوونی نان و ئارد لە کوردستان بەردەوامە

11:14 - 11 سەرماوەز 2720

ماوەیەکە جیا لەوەیکە نان بەسەختی لە نانەواخانەکانی کوردستان دەست دەکەوێت، لە هەمان کاتیشدا کێشەی نەبوونی و کەمیی ئارد درێژەی هەیە.

بەپێی زانیارییەکان نان لە شاری "سەڵماس" زۆر کەم بووە و خەڵک بۆ کڕینی نان دەبێ چەندین کاتژمێر لە سەفەکاندا ڕاوەستن.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، جیا لەوەیکە نان نییە، نرخەکەشی زۆرە. لەو شارە جیا لە نەبوونی نان نرخی مریشکیش زۆر بەرز بووەتەوە.

خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و دەڵێن: "بریا هەموو شتێک کە قاتوقڕیی هاتووە، قاتوقڕیی کاربەدەستانیش لە سەڵماس ڕوو بدات".

لە "سەقز" بە هەمان شێوە نان نییە و بنەماڵەکان بۆ چەند نان دەبێ چەندین کاتژمێر لە سەفدا ڕاوەستن.

سەرۆکی ئیدارەی "پیشە، کانگا و بازرگانی" لە سەقز لەبارەی نەبوونی نان لەو شارە ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و هۆکارەکەی بۆ گرانبوونی گەنم گەڕاندووەتەوە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، پشکی ئارد بۆ نانەواخانەکان کەم بووەتەوە و نانەواخانەکان لەگەڵ کێشەی کەمیی ئارد بەرەوڕوون.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئیدعا دەکەن، کێشەی کەمیی ئارد لە شارەکاندا نییە و ئەوە دەستی دەڵاڵەکانی لە پشتە.

خەڵک زۆر بەسەختی نانیان دەست دەکەوێت و زۆربەی خەڵک ئامادەن بە نرخێکی زۆرتر نان بکڕن، به‌ڵام دەستیان بكه‌وێت‌.