کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی نەبوونی ئەنسۆلین لە ئێران درێژەی هەیە

12:38 - 26 سەرماوەز 2720

کێشەی نەبوون و وەدەست نەکەوتنی هەندێک لە جۆرەکانی ئەنسۆلین بۆ تووشبووان بە نەخۆشیی شەکرە لە ئێران هەروا بەردەوامە و نەخۆشەکانی بێزار کردووە.

ئەو کێشەیە لە سەرجەم شارەکانی ئێران ماوەیەکی زۆرە بوونی هەیە و هەتاکوو ئێستاش ڕێژیم نەیتوانیوە ڕێکارێکی باش بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە.

نەخۆشەکانی شەکرە بۆ وەدەستخستنی ئەنسۆلینی پێویست هەر جارە و دەبێ دەرمانخانە بۆ دەرمانخانە بگەڕێن و لە کۆتاییشدا ئەوەی دەیانهەوێت بەدەستی ناهێنن.

"غوڵامڕەزا ئاهەنی" جێگری بەشی خۆراک و دەرمانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی بیرجەند وتوویەتی: "بابەتی کەمیی ئەنسۆلینی جۆری لانتۆس (گلارژینی درێژماوە) کێشەیەکە لە تەواو ئێراندا و هەر بەو هۆیەوە لە پزیشکەکان و نەخۆشگەلێک کە ئەم جۆرە ئەنسۆلینە بەکار دێنن داوا دەکەین لە جۆرەکانی دیکەی ئەنسۆلین کە لە بازاڕدا بوونیان هەیە کەڵک وەربگرن".

بێدەسەڵاتیی ڕێژیم لە بەرانبەر دابینکردنی جۆرێکی دەرمان بۆ نەخۆشەکان بووەتە هۆی نیگەرانیی زۆری خەڵک بەتایبەت خەڵکی هەژار و کەمداهاتی تووشبوو بەو نەخۆشییە و هەتا ئێستاش ڕێژیم لەجیاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ڕێگای لاوەکی دەدۆزێتەوە کە نیگەرانیی خەڵکیش زیاتر دەکات.