کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی پیسیی ئاوی شاری سنە بەردەوامە

17:27 - 20 خەزەڵوەر 2720

لەحاڵێکدا کە شاری سنە یەکێک لە سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی سەرجەم ئێران بە هەژمار دێت خەڵکی ئەو شارە لە ئاوێکی پاک و خاوێن بێبەرین.

ماوەیەکی زۆرە کە ئاوی خواردنەوەی شاری سنە بۆن و ڕەنگێکی ناخۆشی هەیە و خەڵکی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم بەڵێنیگەلێکی زۆری لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا دابوو بەڵام هەتاکوو ئێستاش هیچ هەوڵێکی کردەیی ئەنجام نەدراوە.

بژیەنیبوونی(مغذی شدن) ئاوی بەنداوی "وەحدەت" و ڕووانی قەوزە، ڕژانی ئاوەڕۆی گوندەکان، پاشئاوە کشتووکاڵییەکان، کەمبوونەوەی ئاوی بەنداو و هەڵینجان لە قووڵایی پاشەکەوتکردنی ئاوی بەنداو، لە هۆکارەکانی پیسبوونی ئاوی شاری سنەیە.

ئەو کێشانە بووەتە هۆی بۆنی ناخۆش لە ئاوی شاری سنەدا و ئەمە بووەتە قەیرانێک بۆ خەڵکی ئەو شارە.

خەڵک ناچارن بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن، ڕوو بکەنە سەرچاوەکانی ئاو لە کێوی ئاوییەر.

پیسبوونی ئاو کاریگەرییەکی زۆر و بەرچاو لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دادەنێت و ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە یەکێکە لە سەرەکیترین و پێویستترین پێداویستییەکانی هەر مرۆڤێک.