کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی کارەبا هەر بەردەوامە

13:23 - 9 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای ڕەخنەکانی خەڵک لە پچڕانی بەردەوامی کارەبا لە شارەکانی کوردستاندا، تاکوو ئێستا ئەم کێشەیە چارەسەر نەبووە و ئەگەری سووتانی کەرەستە کارەباییەکانیش لە ئارادایە.

بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە گەڕەکی "موارەک ئاوا"ی شاری سنه، نیشان دەدات کە سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە پچڕانی کارەبا، ئێستاکە کارەبا لە حاڵەتی هاتوچوونێکی زۆردایە کە بە ئەگەری زۆرەوە، سووتان و لەکارکەوتنی زۆربەی کەرەستە کارەباییەکانی بەدواوە دەبێت.

لە دەستپێکی وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و چوونەسەرەوەی پێویستیی خەڵک بە کارەبا و کەرەستە فێنککەرەوە کارەباییەکان، تاکوو ئێستا کێشەی نەبوون و پچڕانی کارەبا کێشەی زۆری بۆ خەڵک، بەتایبەت لە پارێزگای سنەدا دروست کردووە.

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتیی چارەسەرکردنی کێشەکە و دابینکردنی کارەبا، داوایان لە خەڵک کردووە کە بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە و لەو کەرەستە فێنکەرەوانه کەڵک وەرگرن کە کەمتر کارەبایان پێویستە.

"هیوا لهۆنیان"، بەرپرسی گشتیی شیرکەتی کارەبای ڕێژیم لە پارێزگای سنەدا، لە وتووێژێکیدا لەگەڵ هەواڵدەریی "دەنگ و ڕەنگـ"ـی ڕێژیم، وێڕای ئاماژه بە نەبوونی کارەبا و پچڕانی کورتماوەی کارەبا، ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بەکارهێنانی کارەبا کۆنترۆڵ نەکرێت، ئەگەری بڕانی درێژخایەنی کارەبا لە ئارادایە.

نەبوونی جۆرەکانی خزمەتگوزاری وەکوو ئاو و کارەبا، لە نوێترین کێشەکانی خەڵکی کوردستانن. ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرانبەر بەم کێشانە لە لایەن ڕێژیمەوە هیچ وڵامێکی نییە. کاربەدەستانی ڕێژیم لەم کاتە قەیراناوییانەدا تەنیا باس لە کەم بەکارهێنان لە لایەن خەڵکەوە دەکەن و هیچ ئاڵترناتیڤێکی گونجاویان بۆ چارەسەریی کێشەکان لەبەر دەستدا نییه.