کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی ئینتێرنێت لە گوندەکانی کوردستان بەردەوامە

18:28 - 16 سەرماوەز 2720

لە زۆربەی گوندەکانی شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کێشەی ئینتێرنێت بەردەوامە و خەڵک بۆ پەیوەندیگرتن دەبێ ڕێگایەکی زۆر بپێون هەتا ئینتێرنێت و خەتی تەلەفوونیان دەست دەکەوێت.

لە گوندی "شوانکارەی قۆری قەڵا" سەر بە شاری ڕوانسەر خەتی مۆبایل نییە و نزیکەی ٥ مانگیشە کە تەلەفوونی ماڵەکانیش تووشی کێشە بووە کە کەسیش بەدواداچوونی بۆ نەکردووە.

خەڵک لەو گوندەدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە بەتایبەت لەم کاتەدا کە بەهۆی کۆرۆناوە هەموو کارێکی فێرکاری، خزمەتگوزاری و پزیشکی بووەتە ئینتێرنێتی، بۆچی دەبێت خەڵک لەو شوێنانەدا کێشەی پەیوەندییان هەبێت و هیچ بەرپرسێکی ڕێژیمیش وڵامدەر نەبێت.

لەلایەکی دیکەوە قوتابییانی دانیشتووی گوندی "چەنان" سەر بە بەخشی "چوار" سەر بە شاری "ئیلام" بەهۆی نەبوونی ئینتێرنێتەوە لە خوێندن بێبەرین.

قوتابییانی ئەو گوندە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت و بەشداری لە پۆلە ئانلاینەکاندا دەبێ ٥ کیلۆمەتر لە گوندەکەیان دوور بکەونەوە.

کێشەی نەبوونی ئینتێرنێت لە شار و گوندەکانی کوردستاندا کێشەیەکی جیدییە کە لەم دۆخەدا گوشاری خستووەتە سەر خەڵک و بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکان بەنیسبەت خوێندنی منداڵەکانیانەوە.