کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی ئێران و ئامریکا بووەتەوە بە کێشەی ئێران و ڕۆژاوا!

12:32 - 4 خاکەلێوه 2721

 میرۆ عەلیار

لەو کاتەوە کە "جو بایدن" بە سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەڵبژێردراوە، هەوڵە دیپلۆماتیکییەکان بۆ سازان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران، بە ئاشکرا و بە نهێنی، دەستیان پێکردووە.

چاوەڕوانییەکانیان لە  دەستپێکردنی وتووێژ و چۆنیەتیی ڕێککەوتن، زۆر جیاوازن و دوو لایەن لە مەوزەعی جیاوازەوە دەڕواننە پرسەکە.

کۆسپ و بەربەستەکانی ڕێککەوتن بۆ کۆماری ئیسلامی زۆرترن: ئیدئۆلۆژیک و لە مەیدانی کردەوەدا. قەیرانگەلی جۆراوجۆر لە نێوخۆی ئێراندا، کۆماری ئیسلامی لاواز کردووە و ڕادەی بژاردەکانی ڕێژیمی بۆ مامەڵەکردن لەسەر مێزی وتووێژ سنووردار کردووەتەوە. ئێران لە تەنگانەدایە و بەپەلەیە کە سزائابوورییەکانی لەسەر هەڵبگیرێت.

بەپێچەوانە، دەوڵەتی بایدن لە مەوزەعی قودرەتەوە بڕیار دەدا و بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی وتووێژ و ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئێران، تۆپەکەی خستووەتە بەری کۆماری ئیسلامییەوە و پەلەیەکی ئەوتۆشی نییە و چاوەڕێی ئاکامی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لە ئێران لە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ دەکات.

خاڵی هەرە بەهێزی دەوڵەتی "جو بایدن" لەو پێوەندییەدا، بێچگەلە ئەهرۆمی گەمارۆکان، گەیشتنە بە هەڵوێستی هاوبەش لەگەڵ ئورووپا لەسەر دۆسیەی ئێران. بەدوای هاتنە سەر کاری "بایدن" نەک هەر جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان هەنگاو و هەڵوێستەکانی ئورووپا و ئامریکادا بەدی ناکرێت، بەپێچەوانە، هەواهەنگییەکی تەواو دەبیندرێت.

ئێستا کێشەی بەرجام کە لە سەردەمی "دوناڵد ترامپ"دا ببوو بە کێشەی ئێران و ئامریکا، بووەتەوە بە کێشەی ئێران و ڕۆژاوا!  تەنانەت چین و ڕووسیەش بە قازانجی خۆیانی نازانن لەسەر ئێران بکەونە دژایەتیکردن لەگەڵ ئامریکا و ئورووپای یەکهەڵوێست.

گەورەترین موشکیلەی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا ئەوەیە کە هەم هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی دەوێت و هەم  پێداگری لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی و پاراستنی تاقمە چەکدارەکانی لە وڵاتانی ناوچەدا بۆ خۆی بە حەیاتی دەزانێت!

کۆماری ئیسلامی، لە ململانەی ناوچەیی و بە مەبەستی داسەپاندنی هێژمۆنیی خۆی بەسەر هەرێمەکەدا، بەرنامە مووشەکییەکەی بە کارتی براوە بۆ خۆی دەزانێت، لەبەر ئەوەی هێزی ئاسمانییەکەی شپرزەیە و هێزێکی پۆشتەی دەریاییشی نییە. ڕێژیم بە قسەی بەرپرسەکانی، پێویستی بە توانا و هێزی بەرگریکەر (توان بازدارندگی) هەیە و ئەو توانایە لە بەرنامە مووشەکییەکەیدا بەدی دەکات. وازهێنان لە بەرنامەی مووشەکی، هەموو پرۆژە و بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا پووچەڵ دەکاتەوە.

جێگای سەرنجە، بەدوای هەڵبژێرانی "جو بایدن" بە سەرکۆماری ئامریکا، هەڵوێست و کردەوەکانی واشنتۆن و وڵاتانی ئورووپایی دەری دەخا کە نیگەرانی سەرەکی و ئەولەوییەتی یەکەمی سیاسەتی ئەوان لە ناوچەدا سنووردار و مەهارکردنی بەرنامەی ناوکیی ئێرانە و هەتا بکرێت لە ڕێگای وتووێژەوە.

ئاماژەی پێکرا، ئەو سیاسەتە لەلایەن چین و ڕووسیەشەوە دژایەتی ناکرێت، لەبەر ئەوەی ئەوانیش ئێرانی ئەتۆمییان ناوێت.

ئایا بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران پەرەی سەندووە و گەییشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار و بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکی؟

'ئانتۆنی بلینکن" ڕۆژی ١ی فێورییەی ٢٠٢١ لە وتووێژێکدا لەگەڵ NBC وتی کە "ئێران چەند مانگێک لە دروستکردنی بۆمبی ناوکی دوورە".

"ڕافائێل گرۆسی" بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیش، ڕۆژی ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ (٢٢ی مارسی ٢٠٢١) لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەیی ئیسپانیایی ئەلپاییس وتی: "ئێستا ئێران لانیکەمی کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی وەدەست هێناوە، بەڵام بۆ بەرهەمهێنانی، پێویستیی بە کەرەستەی لەوە زیاتر هەیە".

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەوە نیگەرانە  کە ڕێژیمێکی نابەرپرسی وەک کۆماری ئیسلامی کە پشتیوانی تێرۆریزمە و هەڕەشە دەکات، دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا. هەر لەو پێوەندییەدا، کۆمەڵگای جیهانی لە دژکردەوەی ئیسرائیل بە هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران و لێکەوتەکانی هێرشەکە و وەڕێکەوتنی شەڕێکی گەورە و ئاڵۆزتربوونی ناوچەکە نیگەرانە.

دڵەڕاوکێی هەموو لایەنەکان ئەوەیە کە شەڕەکە درێژ بێتەوە و تەشەنە بکات بۆ وڵاتەکانی دیکەی ناوچە و لەدواییدا ئامریکا و ئورووپاش تیوەگلێن و دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت و...

ئەوە وای کردووە کە لەگەڵ ئەوەی خاڵە کێشەلەسەرەکانی دیکەش گرنگ بن، بەڵام نە لەو ئاستەدا و بکەونە ئەولەوییەتی دووەمەوە.

کابینەی "جو بایدن" لەو بڕوایەدایە کە دەتوانێت لەسەر بەرنامەی ناوکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بگەنە ڕێککەوتنێکی تازە و بەرینتر و ئەوکاتە دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ پرسەکانی دیکەی وەک بەرنامەی مووشەکی، تاقمە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و دەوری تێکدەرانەی ڕێژیم لە ناوچەکەدا، هاسانترە و بەرە بەرە چارەسەر دەبن. بۆ؟

یەکەم: دەوڵەتی نوێی ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی گرژییەکانی نێوانیان چارەسەر کردووە و بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی، گەیشتوونەتە هەڵوێستێکی هاوبەش. ئیجماعێکی جیهانی بە دژی بەرنامەی ناوکی و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەریکی شکڵگرتنە. ئێران خۆ لەبەر ئەو ئیجماعە جیهانییە ناگرێت.

دووەم: پێوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل ئاسایی بوونەتەوە و ڕەوتەکە بەردەوامە. ئەوان  لێبڕاون کە بە هێزی یەکگرتوویان بەگژ دەستتێوەردان و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە.

سێیەم: نفووزی ئێران لە ناوچەدا لە بوونی ژمارەیەکی بەرچاو تاقمی چەکداردا خۆی دەنوێنێت، بەڵام ئەو نفووزە ئیدئۆلۆژیک و مەعنەوی نییە. ئەو گرووپانە بەکرێ گیران و نفووزەکە بە پارە کڕدراوە و ئەگەر ڕێژیم پارەی نەبێت، ئەو هێزانەشی بۆ دابین ناکرێت و لە دواییدا کیشە و سەرێشەیەکی گەورەی ئەمنییەتی- سیاسی- ئابووری بۆ خودی کۆماری ئیسلامی دەنێنەوە.

ڕاستیشە! ستراتێژیی ئێران لە پێکهێنانی ئەو گرووپە چەکدارانە سەرنەکەوتووە و دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لەو کارەیدا بە هیچ جۆر بارتەقای تێچووە مرۆیی و ماڵییەکەی نەبووە و ئەزقەزا بە قازانجی نەیارەکانی حکوومەتی ئێراندا شکاوەتەوە!

دژایەتی و ئیعترازاتی خەڵکی دوو وڵاتی عێراق و لوبنان بە دژی حوزوور و دەستتێوەردانەکانی ئێران، لە پەرەسەندندان و دەرخەری ئەو ڕاستییەن. دژکردەوە و ناڕەزایەتی بە دژی ئەو سیاسەتە پڕتێچوو و بێ ئاکامە، لە نێوخۆی ئێرانیشدا سەری هەڵداوە.

بێجگە لەوە، جموجۆڵی ئەو تاقمانە هەتا ئێستا بە قازانجی ئیسرائیل و ئامریکا و بە زیانی فەلەستینییەکان تەواو بووە و ئیسرائیل خۆبواردنی لە چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین بە حوزوور و نەقشی ئەو هێزانەی ئێران پاساو دەکا و بۆشی چووەتە سەرێ. ئێستا پرسی فەلەستین لە ناوچەدا لە ئەولەوییەتی یەکەم کەوتووە و لە پەراوێزدا باسی دەکرێت!

هەروەها، وڵاتانی عەرەبی لە ترسی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ ئیسرائیل ڕێکەوتوون. ئیسرائیل بە پشتیوانیی  ئامریکا بەرزاییەکانی گوڵانی خستە سەر خاکی خۆی و ئامریکا سەفارەتی خۆی گواستەوە بۆ ئوورشەلیم، بەبێ ئەوەی دژکردەوە و ئیعترازێکی ئەوتۆی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەدوادا بێت. ئەوانە هەمووی سەرکەوتنن بۆ ئیسرائیل.

چوارەم: لە هەمووی گرنگتر کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تووشی کۆمەڵێک قەیرانی قووڵ و بێوێنە بووەتەوە: لە درێژە و ئاکامی سیاسەتی سەرکوتی بەردەوام و پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری و گرانیی تاقەتپڕووکێن و گەندەڵیی حکوومەتی و داماویی ڕێژیم لە وڵامدانەوە بە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خەڵک، درزی نێوان خەڵک و حکوومەت ئەوەندە بەرین بووەتەوە کە دووبەرەکی و قەیرانی نێوخۆی حاکمییەتی لێکەوتووەتەوە و دەسەڵاتبەدەستان هەست بە مەترسیی ڕووخان دەکەن. ڕێژیمی ئێران ماوەیەکی زۆر بەرگەی ئەو هەموو فشارانە ناگرێت.

پێنجەم: ئیسلامی سیاسی و بەتایبەتی مودێلی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا، تووشی قەیران هاتووە و لە پاشەکشەدایە و نەیتوانی ببێت بە بەدیل بۆ دەسەڵاتداری. وەک باس کرا، لە وڵاتانی ناوچەدا بەتایبەتی لە عێراق و لوبنان، هەست و هەڵوێستی خەڵک  دژ بە دەستتێوەردان و سیاسەتی تێرۆر و ئاژاوەنانەوەی کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە پەرەسەندندایە.

پرسی مانەوەی تاقمە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بووەتە پرسی کات و زۆر ناخایەنێت کە ڕێژیمی ئیسلامی سەری وە بەرد دەکەوێت و دووکەڵەکەی دەچێتەوە چاوی خۆی.

سیستەم و ئیدئۆلۆژی ئیسلامی، لە نێوخۆی ئێرانیشدا هەرەسی هێناوە و ئەو ڕاستییە خۆی لە ١. نەمانی متمانەی خەڵک بە حاکمییەت و داڕمانی ڕەوایی ڕێژیم، ٢. لە پەرەسەندنی سێکولاریزم، تەنانەت لە قوم و مەشەد دا! ڕێبەرانی ڕێژیم لەمێژە لەو پێوەندییەدا هۆشداری دەدەن و نیگەرانی دەردەبڕن!

کۆماری ئیسلامی وەک ڕێژیمێکی دیکتاۆری، هێز و ئیقتداری خۆی لە بووژانەوەی ئابووری و ئازادی و خۆشبژێویی خەڵک و حەوانەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و کۆمەڵگای جیهانیدا نابینێت.

وەک هەموو ئەو سیستەمە دیکتاتۆرییانەی ڕەوایی دێموکراتیکیان نییە و هەمیشە لە خەڵکی خۆیان نیگەرانن و بەزۆری سەرنێزە دەسەڵاتی خۆیان دەپارێزن، لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیشەوە هێز تەنیا یانی عەمباری پڕ لە چەک و بوونی دەزگاگەلی جۆراوجۆری سەرکوتکەر لە نێوخۆدا. لە دەرەوەش، بوونی تاقمە چەکدارەکانی لە ناوچەدا بە نیشانە و سەلمێنەری نفووزی خۆی دەزانێت.

حکوومەتی ئێران چارەنووسی یەکێتی سۆڤیەتی وەک دووەمین زلهیزی دنیای لەبیر چووەتەوە کە سێڵاوێک چەکی کۆمەڵکۆژ و بۆمبی ناوکی و مووشەکی پێشکەوتوو نەیانتوانی پێش بە ڕووخانی بگرن.

مووشەک و جبەخانەی پڕ لە چەک و دەیان دامەزراوەی زانیاری و داپڵۆسێنەر و تاقمگەلی تێروریستی لە دەرەوەی سنوورەکان، ناتوانن مانەوەی کۆماری ئیسلامی دەستەبەر بکەن. کۆماری ئیسلامی ئاورێکی کردووەتەوە کە بۆ خۆی تێیدا دەسووتێت!