کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی ئێمە تاک یان سیستم؟

10:49 - 19 سەرماوەز 2719

سندووس

دەگێڕنەوە کاتێ کە "مهاتما گاندی" لە ئافریقای باشوور بووە، لەگەڵ سەربازێک قسەی بۆ ساز دەبێ و سەربازە دوای پیلەکردن بە گاندی، بە خەستی لێی دەدات و گاندیش هیچ دژکردەوەیەک نیشان نادات، کاتێ جەماوەر لە دەوری کۆدەبنەوە و هۆکاری نەبوونی دژکردەوە دەپرسن، گاندی لە وڵامدا دەڵێ: "من لەگەڵ ئەو سەربازە هیچ کێشەیەکم نییە، بەڵکوو کێشەی من لەگەڵ سیستمێکە کە ئەو سەربازەی ئاوا بارهێناوە". دیارە ماندێلاش هەر بەم شێوەیە خەباتی کردووە و دوای هەڵوەشاندنەوەی سیستمی ئاپارتاید، "دکلێرک"ی سەرکۆماری ئافریقای باشووری دەورانی ئاپارتایدی کرد بە جێگری یەکەمی خۆی.

ڕاستییە پڕ لە کێشەکانی ئەمڕۆی ئێران هەڵقوڵاوی گەمژەیی و نەفامیی تاکی نێو کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو لە هەناوی کاری سیستماتیک و لە پرۆسەی دەروونیدا بێچمی گرتووە و هەر دەبێ ئەو سیستمەش هەڵتەکێ و هەڵوەشێتەوە. سیستمی بەتەواویی داخراوی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک مرۆڤی بێ سۆز و عاتیفەی بارهێناوە کە "بۆندۆڕا" وتەنی بە هیچ جۆرێ کۆنترۆڵی دەروونییان نەماوە و لە ڕێگەی ناسیاوی سڕینەوەی مرۆیی و خەمڵاندنی وشەگەلی ناڕەسەن و لێوڕێژ لە دەمارگرژی، هەموو جۆرە ڕەفتارێکی ناڕەوشتی لە دژی جیابیران ئەنجام دەدەن و بەلای خۆیانەوە شانازیشی پێوە دەکەن.

کاتی فەرمانداری شاری قودس، ئاوا ڕاشکاوانە بە هەواڵدەریی ڕۆژنامەی ئێران دەڵێ: "من دەستووری تیرم داوە" و دواجار لە دادگای لاهە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێ و تەنانەت حوکمی گیرانیشی بۆ دەردەچێ، بە مەرجێ بیهەوێ بچێتە دەرەوە، لە ڕاستیدا ئەوە پاژێکی بچووکی ناو سیستمێکی کۆنەپەرستە کە ناتوانێ لەگەڵ بچووکەترین جیابیرانی بۆ چرکەساتێکیش هەڵبکات، یان کاتی قەتڵە زنجیرەییەکان کە ئەو هەموو ڕووناکبیرە بە دەستووری فڵانە مەرجەعە دەکرێنە قۆچی قوربانی و بە خراپترین جۆری شکەنجە گیانیان لێدەستێندرێ، ئەوە، ئەو سیستمەیە کە ئەندامانی نێوخۆی ئاوا سەرمەست دەکا کە چاویان هیچ شتێ جگە لە بڕیاری بڕیاردەران نەبینێ.

خانم "لەیلا واسقی" لەخۆڕا ناتوانێ دەستوور تەقەکردن بدات، کاتێ بەیانیی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ۹۸/۸/۲٥ خامنەیی، لەسەر کلاسی دەرسی خاریجی فێقەدا دەستووری تیری بە هەموو چڵکاوخۆرەکانی دا و هەر دوای قسەکانی ناوبراو بوو کە شەپۆلی کوشتن و بڕینی جەماوەر و گیران، دەستی پێکرد، کاتێ ڕێبەر و قۆچکی ئەو سیستمە ئاوا ناڕازییان بە "ئەشرار" و نۆکەری بێگانان ناو دەبات، سروشتییە فەرماندارێکی بێ ئیرادە، بەم شێوەیە بڕیار بدا و هەڵوێست بگرێ.

کێشەی ئەمڕۆی وڵات، چ ئەو کەسانەی خۆسەرانە بڕیار دەدەن و چ ئەو کەسانەی دزی و ئیختلاس دەکەن و چ ئەو کەسانەی لەسەر دەنگ و ڕەنگی مەیلی لایەنگرانیان بۆ توندوتیژی پاڵ پێوەدەنێن و چ ئەوانەی ئەسید بە چڕوچاوی کیژ و ژناندا دەکەن و چ ئەوانەی بە ڕۆژی ڕوون و بە بەرچاوی فەزای مەجازییەوە کۆڵبەران دەدەنە بەر دەستڕێژ و چ ئەوانەی هۆکاری گشت نەخۆشییە دەروونی و ڕەفتاریی و کومەڵایەتییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکن، ئەوانە و دەیان و سەدانی تریش، هەڵقوڵاوی ئەو سیستمە دژە ئینسانییەیە کە ڕێبەندانی ساڵی ۵۷ شۆڕشی بۆ کرا و بانەمەڕی ساڵی ۵٨ بە ڕواڵەتی یاسایی دامەزرا و تەنیا ڕێگەی گەڕانەوە بۆ کەرامەتی ئینسانی تاکی ئێرانی و کوردستانی هەڵوەشاندنەوە و دروستکردنی سیستمێکی مرۆڤتەوەر و دێموکراتیکە. کەوابوو كه‌سی وەک "لەیلا واسقی" نەک هەر ژمارەیەک نین، بگرە خۆیان گەورترین قوربانیی ئەو سیستمە دژی ئینسانی و دژە ئازادییەشن.

بە باوەڕی من کێشەی ئێستای کۆمەڵگای ئێمە تاک نییە بەڵکوو سیستمە، ئەوە سیستمە کە مێشکی تاکەکانی نێو خۆی وا خواردووە کە هەموو کارێکی بێ ئەخلاقی بە ئەخلاقی دەقەبڵێنن و ئەو هەموو ماڵوێرانییەشی لێکەوتووتەوە، کەوابوو گەر بمانهەوێ مرۆڤ مۆرە نەبێ و خورافات کۆچ بکا و بەختەوەریی باوەش بە کۆمەڵگادا بکاتەوە و یاسا سەروەر بێ، دەبێ ئەو سیستمە کۆنەپەرستە گەسکی لێ بدرێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.