کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێن ئەوانەی خائین بە پرسی فەلەستینن؟

12:38 - 6 رەزبەر 2720

مسته‌فا هیجری

ئەنجامی شەڕی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی (٥ بۆ١٠ی ژووئەنی١٩٦٧) کە بە شەڕی ٦ ڕۆژە دەناسرێتەوە، داگیرکرانی بەشێک لە خاکی وڵاتانی عەرەبیی لەلایەن ئیسرائیلەوە لێ کەوتەوە. بە دوای ئەم ڕووداوەدا، تێکڕای وڵاتانی دیکەی عەرەبی بە ئاشکرا ئیسرائیلیان وەک دوژمن ناوبرد و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بەستەوە بە:

یەکەم، پەیڕەوکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن ئیسرائیلەوە کە بریتی بوو لە پاشەکشەی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە سەر ئەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕی ٦ ڕۆژەوە داگیری کردبوون.

دووهەم، پێکهاتنی حکوومەتی سەربەخۆی فەلەستین لە تەنیشت وڵاتی ئیسرائیل.

دوای ئەو شەڕە، دوژمنایەتیی نێوان میسر و ئۆردۆن لەگەڵ ئیسرائیل بە واژۆکردنی پەیماننامەی ئاشتیی نێوانیان لە سێپتامبری ١٩٧٩ و ئۆکتۆبری ١٩٩٤ کۆتایی هات. بەپێی ڕێککەوتنەکان بەشێک لەو ناوچانەی کە لە ماوەی شەڕی ٦ ڕۆژەدا دەستیان بەسەردا گیرابوو، لەلایەن ئیسرائیلەوە چۆڵ کرا و بەشێکیش کەوتە ژێر کۆنترۆڵی. بەم پێیە خاکی فەلەستینییەکانیش هەروا بە داگیرکراوی لە ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدا مایەوە و ئەو ڕێککەوتنانەش لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامییەوە بە توندی هێرشیان کرایە سەر و بە خیانەت بە ئارمانی فەلەستینییەکان هەژمار کران.

بەم چەشنە دوژمنایەتی و کێشە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و لایەنەکانی ڕێککەوتوو لەگەڵ ئیسرائیل لانیکەم لە ڕواڵەتدا هەروا بەردەوام بوو و یارمەتییەکانیان کەم و زۆر بۆ فەلەستینییەکان درێژەی هەبوو، بەو هیوایەی ئیسرائیل لە ژێر کاریگەریی بەربەرەکانێ و خۆڕاگریی فەلەستینییەکان و بڕیاڕی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە بەشی داگیرکراوی خاکی فەلەستین پاشەکشە بکا. هەتا ئێستا ئیسرائیل سوورە لەسەر سنوورەکانی دوای شەڕی شەش ڕۆژە و وڵاتانی بەرهەڵستکاریش هەڵسوکەوتیان هێورترە لەگەڵ ئەم وڵاتە و دوو دەوڵەتی میسر و ئۆردۆنیش پێگەی خۆیان لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا هەیە. بەو مانایە کە ئەو دەوڵەتانە لە دروشمدا دژی ئیسرائیل مانەوە و میسر و ئۆردۆنیش لە هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی وەلانران.

بەڵام کاتێک بە نێوانگیریی دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا لە هاوینی ئەمساڵدا ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەڕەب ڕاگەیەنرا، نەک ئیمارات و بەحرەین لە هاوپەیمانییەتیی وڵاتانی عەرەبی وەلا نەنران، بەڵکوو بەشێک لە نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی لە کۆبوونەوەی یەکیەتیی عەرەبدا، لە دژی ڕەشنووسی ئەو بڕیارنامەیەی کە لەلایەن هەیئەتی فەلەستینییەوە بۆ مەحکوومکردنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل ئامادە کرابوو، ڕاوەستان و بەرەیەکیش لە وڵاتانی عەرەبی خوازیاری درێژەدان بەو سیاسەتە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بوون. لە تەنیشت ئەو ئاساییبوونەوەیەدا، سعوودیەش بۆ یەکەمجار ڕێگای بە فرۆکەوانیی ئیسرائیل دا کە فڕۆکە مەدەنییەکانی بە هەرێمی ئاسمانیی ئەم وڵاتەدا تێپەرن.

ئێستا چەشنێک کێبڕکێ لە نێوان هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل پێکهاتووە و وەک سەرکۆماری ئامریکا، دانڵد ترامپ ئاماژەی پێ کرد، چاوەڕوان دەکرێ ژمارەیەکی زیاتر لەو وڵاتانە بۆ ئەم مەبەستە هەنگاو هەڵبگرن و ئیسرائیلیش کە دوژمنی سەرەکیی ئەم وڵاتانە و خاڵی کۆکەرەوە و هەواڵبەندییان دەهاتە ئەژمار، ببێتە دۆست وهاوپەیمانیان. لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم ڕەوتە و ئاشکرابوونی پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی بەشێک لەم وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیل و گرێدانی پەیمانی فەرمی، دەکرێ بڵێین ڕوخسارێکی نوێ لە هەواڵبەندیی دۆستان و هاوپەیمانانی ناوچەیی ئەمریکا بە شێوەیەکی تۆکمەتر دژ بە ئێران دێتە کایەوە.

لە بەرانبەردا، هەندێک لە وڵاتان و ڕەوتە ئیسلامییەکانیش ئەم ڕووداوەیان مەحکووم کرد، یەک لەو وڵاتانە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرنامەی میرنشینەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلی وەک "خیانەت بە جیهانی ئیسلام و عەرەب و فەلەستیینییەکان" ناو برد.

مەبەستی سەرەکی لەم نووسینە ئەوەیە نیشان بدەین لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا کێ و چۆن خیانەتی بە ئاشتی و تەبایی لە ناوچە و پرسی فەلەستین کردووە؟

بۆ گەیشتن بە وڵامێکی ڕوون بەم پرسیارە، پێویستە هۆ یان هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە گرینگە کە ڕەوتێکی نوێ لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست پێکدێنێ و هاوکێشە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی ناوچەکە بە قازانجی ئیسرائیل و لە دژی ئێران دەشکێنێتەوە، دەستنیشان بکرێ.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە سەرەتای هاتنەسەر دەسەڵاتییەوە لە دژی وڵاتانی ئیسلامی کەوتە پیلانگێڕی. سەرەتا بە ناوی مافخوازیی کەمینەی شیعەوە سیاسەتی "پشتوێنەی شیعه‌ی" کردە بنەمای سیاسەتی ناوچەیی خۆی و هەوڵی دا بە دامەزراندنی گرووپی چەکداری شیعه و سوننە، تەناهیی وڵاتانی ئیسلامی تێک بدا و دۆخی دڵخوازی خۆی جێگیر بکات. دیارە دۆخی دڵخوازی کۆماری ئیسلامی هەمیشە بە قازانجی کەمینەی شیعه ‌نەبووە و لە ڕاستییدا ئەو کەمینەیە زۆربەی جاران خۆی قوربانیی دەستی کۆماری ئیسلامی بووە و هەیە.

ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی پشتوێنەی شیعه ئەوە بوو کە دەسەڵاتداری لە وڵاتانی ئیسلامی لاواز بکات و لە ئاکامی ئەو لاوازییەدا، دەسەڵاتداریی وڵاتانی ئیسلامی تێک بڕووخێنێ و خەونی ئیمپراتووریی شیعه بە سەرکردایەتیی ئێران بێنێتە دی.

ڕەوتی ڕووداوەکانی جیهان و ناوچەکە و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی نێوخۆی ئێران، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ناچارکرد که سیاسەتی پشتوێنەی شیعە بۆ سیاسەتی هیلالی شیعه بگۆڕن و ئامانجی دامەزرانی ئیمپراتووریی شیعه بکرێتە ئامانجێکی لاوەکی و پاراستنی کۆماری ئیسلامی بوو بە بناغەی ئەو سیاسەتە کە لە چوارچێوەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیدا درێژەی پێ درا.

پێشتیوانیی ئێران لە شیعەکانی وڵاتی بەحرەین لە بەرانبەر حکوومەتی ئەم وڵاتەدا، پاڵپشتیکردنی شۆڕشی حوسییەکانی یەمەن(بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا) و تەیارکردنیان لە دژی عەڕەبستان (حوسییەکان بە چاولێکەری لە ئێران دروشمی نەمان بۆ ئیسرائیل و ئامریکایان لە سەر چەکەکانیان نووسیوە و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵگەی تەواو لە بەر دەستە کە هەندێک لەو مووشەکانەی حوسییەکان بەرەو عەڕەبستان هاویشتوویانە، دروستکراوی ئێرانن)، یارمەتیکردنی شیعەکانی سعوودیە لە دژی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە و پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵای لوبنان و ڕەوتە توندڕەوەکانی دیکە، نموونە بەردەستەکانی ئەم سیاسەتەی ئێرانن. بە وتەی حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، "چارەنووسی حیزبوڵڵا بەستراوەتەوە بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە" بۆیە لە هەر جێگایەک ئێران مەبەستی بێ، بە قازانجی خۆی کەڵکیان لێ وەردەگڕی.

لە عێراق بەهۆی ڕێکخستن و سازدانی گرووپە میلیشایییەکانی ئەم وڵاتە لە ژێر چەتری حەشدی شەعبی یان هەمان بەسیجی عێراق لە دوای ٢٠١٤، بە کردەوە هێزێکی سیاسی و چەکداری سێبەری هاوتەریب لەگەڵ سپای عێراقی لە بەرژەوەندیی خۆی پیکهێناوە. کۆی ئەم گرووپە میلیشایییانە بەهۆی سپای قودسەوە وەک لقێکی سپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکان، ڕێکخستنیان بۆ دەکرێت و لە ڕووی لۆجستیک و ڕاهێنان و ڕاوێژی سەربازی و چەکوچۆڵ و ماڵییەوە، پشتوانییان لێ دەکات.

خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو گرووپانە و هێندێ وردە گرووپی دیکە کە هاوپەیمانی ئێران لە هاوکێشە سەربازی، سیاسی و ئەمنییەکانی وڵاتانی ئیسلامیدان، ئەوەیە کە ڕۆڵی تێکدەرانە دەگیڕن و بە نانەوەی ئاژاوە دەیانهەوێت بە پێکهێنانی بۆشاییی تەناهی و ناسەقامگیری، ئامانجی سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و ئابووریی خۆیان بپێکن. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا شەڕی بە وەکالەت لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی ناوچەیی ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن. هەر ئەو گرووپانەشن کە دژی مانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە عێراقن و هەتا ئێستا چەندین جار بنکە و بارەگاکانی ئامریکا و هەروەها ناوەندەکانی دیپلۆماسی و کۆمپانیاکانی سەر بە وڵاتانی بیانییان لەم وڵاتە مووشەکباران کردووە.

سیاسەتی دژبەرانەی کۆماری ئیسلامی دژی وڵاتانی ناوچە و وڵاتانی دیکەی جیهان و هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بەهۆی هێزە نیابەتییەکانی کە بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵە بەردەوامە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە پەرەگرتندایە و تا ئیستا کۆماری ئیسلامی ئامادەنەبووە کەمترین ئاڵوگۆڕ لەو سیاسەتەیدا پێک بێنێ؛ سیاسەتێک کە دژەکانی(ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی-ئیسلامی) لێک نزیک کردووەتەوە. وەها لێک نزیکبوونەوە و هاوپەیمانییەکیش لەجێی خۆیدایە، چونکە ئەگەر ئیسرائیل بەشێک لە خاکی فەلەستینی داگیر کردووە، لەو ماوەیەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئاراستەی پیلانگێڕی لە دژی هەموو ئەو حکوومەتانەدا هیچ سنوورێکی نەناسیوە و هەوڵی داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی ژینگەی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی ئەو وڵاتانەی داوە. بەو واتایە ئیستا وڵاتانی عەرەبی- ئیسلامی لە جیاتی پشتیوانی لە فەلەستینییەکان دەبێ لە بیری پاراستنی وڵات و حکوومەتەکانی خۆیاندا بن کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەترسیی تەناهییان لەسەرە.

هەڵبەت ئاکامی سیاسەتی هەڵەی کۆماری ئیسلامی هەر لە سیاسەتی دەرەوەیدا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکوو لە نێوخۆشدا ئەگەر لە ساڵانی سەرەتای هاتنەسەر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە خەڵکانێک پشتیوانییان لێ دەکرد و لایەنگری بوون، ئێستا خەڵکی ئێران بە گشتی  ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە حکوومەتی ئیسلامی و کۆماری ئیسلامی دوورکەوتوونەتەوە. 

لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینێکدا کە ژینگەیەکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر و پانتای بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانە، ئارمانخوازیی لە چەشنی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ناوی لێ ناوە هەناردەکردنی شۆڕش، تا دێ بواری مانۆڕدانی لە دەرەوەی سنوورەکان بەرتەسکتر دەبێتەوە. ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی دیکەی عەرەبیش لەگەڵ ئیسرائیل دوور لە چاوەڕوانی نییە.

ئاشکراشە کە پرسی فەلەستین، لە دوای تەناهیی وڵاتانی عەرەبییەوە کە بەهۆی ئێرانەوە هەڕەشەی لەسەرە، چیدی ئەولەوییەتی یەکەم و خاڵی کۆکەرەوەی ئەم وڵاتانە نابێت. ئەم پرسە لە ڕەهەندێکەوە قوربانیی سیاسەتی ناوچەییی کۆماری ئیسلامییە. هەر چۆنێک بێت ئەولەوییەتی زۆریەک لە وڵاتانی عەرەبی بەهۆی کێشرانەوەی هێڵە ژێئۆپۆلێتیکەکانی ناوچەکە و هاتنە کایەی هاوکێشەی نوێی ئابووری، سیاسی، ئەمنی و سەربازی، لە بەردەم گۆڕاندایە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانە و زۆر بەڵگەی دیکەش کە لێرەدا جێگای باس نین، دەردەکەوێ سەرەڕای تێچوو و پلان و پرۆپاگەندەکانی ڕێژیم لە ماوەی ٤١ ساڵی ڕابردوودا، ئێستا سەلمێندراوە کە ئەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرەکەیەتی کە خائین بە جیهانی ئیسلام، جیهانی عەرەب و پرسی فەلەستینە و بە ناوی لایەنگری لە فەلەستینەوە مەبەستی بووە خۆی وەک جەمسەر و ڕێبەری موسڵمانان و تەنیا پاڵپشتی فەلەستینییەکان دابنێ و بە بیانووی هەبوونی پرسی فەلەستین و هێشتنەوەی ئەو پرسە وەک کێشەیەکی هەڵپەسێردراویش بە ئامانجەکانی لە ناوچەکەدا بگات، کە ئێستا سەرەکیترینیان، مانەوەی دەسەڵاتەکەی خۆیەتی.