کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کێنت مەکێنزی": ئەگەر شەڕێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بێتە پیشێ ماوەی یەک ساڵ درێژەی دەبێت

17:04 - 7 بەفرانبار 2721

ژەنەراڵ  "کێنت مەکێنزی" فەرماندەی سێنتکام، ناوەندی فەرماندەیی ئامریکا وتوویەتی ئەگەر ڕێژیمی ئێران هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکەن ئەوە شەڕێکی خوێناوی ڕوو دەدات کە ماوەی یەک ساڵ درێژەی دەبێت هەرچەند ئامریکا لەو شەڕەدا زیانی وەبەر دەکەوێت بەڵام لە کۆتاییدا سەر دەکەوێت.

"ڕابین ڕایت" ڕۆژنامەنووس و شڕۆڤەکاری ناسراوی ئامریکایی لە وتارێکدا کە لە حەوتوونامەی "نیۆیۆرکـ"ـدا بڵاو کراوەتەوە قسەکانی "مەکێنزی" و تواناییه مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران و شەڕی شیمانەکراوی لەگەڵ ئەو ڕێژیمەی لێکداوەتەوە.

"مەکێنری" جەختی کردووەتەوە کە توانا ناوکییەکانی ڕێژیمی تاران تەنیا مەترسییەک نییە کە لەلایەن ئەو ڕێژیەوە هەڕەشەی پێ لە جیهان دەکرێ؛ بەڵکوو مووشەکەکانی لە ئێستادا بە هەڕەشەيەکی خێراتر لە چەکی ناوکیی بە ئەژمار دێن.

ناوبراو باسی لە هێرشی ڕێژیمی ئێران بە ١١ مووشەکی بالستیک بۆ سەر بنکەی "عەینولئەسەد" لە کردووە و وتوویەتی ڕاکێت و مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ئەو چەند دەیەدا زۆر ناڕێک بوونه و لەو هێرشانەدا ئەو شوێنەی کە مەبەستیان بووە نەیان پێکاوە.

سپای تێرۆریستی پاسداران سەر لە بەیانی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هاتاوی، لە تۆڵەی کوژرانی "قاسم سلیمانی"، فەرماندەی پێشووی هێزی قودس بە مووشەکی بالستیک هێرشی کردە سەر بنکەی "عەینولئەسەد" شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئامریکا.

فەرماندەی سێنتکام باسی لەوەش کردووە ئێستا ئەوان ناتوانن بەشێوەی کاریگەر لە سەرتاسەر و قووڵایی ناوچەکەدا هێرش ئەنجام بدەن بەڵام دەتوانن هێرشی قورستر بەڕێوە بەرن.