کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێوی "کوچکەڕەش" و چەند شوێنی "حەسەناوا"ی سنە لە ئاگردا سووتان

19:02 - 20 جۆزەردان 2720

چەند شوێنی "حەسەناوا"ی شاری سنە و کێوی "کوچکەڕەش" لەو شارەدا لەلایەن کەسانێکی نەناسراو  ئاگریان تێبەردراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردان، سێ شوێنی شارۆچکەی حەسەناوا لە سنە، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگریان تێبەردراوە کە لەلایەن چەند ڕێکخراو و خەڵکی ناوچەکە کۆنترۆڵ کراوە.

ئەو شوێنانەی کە ئاگریان تێبەردراوە بریتین لە "شێخیەر، باوەسن و تەنیشت مەنبەعی ئاو" کە بە هاوکاریی گرووپەکانی "جەمعییەتی کوردستانی سەوز، دیاری و چلچەمە" کوژاوەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە کێوی "کوچکەڕەش" لە شاری سنە لەلایەن چەند کەسەوە ئاگری تێبەردراوە و ڕووبەرێکی بەرچاو لەو کێوە لە ئاگردا سووتا.

"عەلی ڕەبیعی"، وتەبێژی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی نزیکەی ١٠ لەسەدی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دوایانە لە ئاستی ئێراندا بەشێوەی ئەنقەست بووە و هەژمارێک لە بکەران دەسبەسەر کراون.

ناوبراو وتوویەتی، دەزگای دادوەری خەریکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو ڕووداوانەیە و هێشتا دیار نییە چ گرووپ یان کەسانێک خەریکی ئەو کردەوانەن.

ئەو قسانەی "ڕەبیعی" لەحاڵێکدایە کە خودی ڕێکخراو و ئۆرگانەکانی ڕێژیم بەتایبەت سپای تێرۆریستی پاسداران، هۆکاری سەرەکیی ئەو کردەوانەن.

مەبەستی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لەو کارە تێکدانی ژینگەی کوردستان و لەنێوبردنی سروشتی ئەو ناوچانەیە کە سپای تیرۆریستیی پاسداران وەک پڕۆژەیەکی چەندین ساڵە لە هەموو بوارێکەوە خەریکی تێکدانی ژینگەی کوردستانە.