کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەبابخانەکان لە سنە گۆشتی خراپ بۆ کەباب بەکار دەهێنن

11:19 - 16 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لەژێر کاریگەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا و خراپیی دۆخی ئابووریی خەڵک، هەندێک لە کەبابخانەکانی شاری سنە، گۆشتی خراپ و بەسەرچوویان بەکار هێناوە.

ئیدارەی دامپزشکیی سنە، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، هەواڵی داخرانی چەند دووکانێکی جگەرفرۆشی و کەبابخانەی بە هۆی بەکارهێنانی گۆشتی خراپ و بەسەرچووی ڕاگەیاند.

ئیدارەی دامپزشکیی سنە، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: "ژمارەیەک لە کەبابییە گەڕۆکەکان و جگەرفرۆشییەکانی مەیدانی محەممەدی لە گۆشتی خراپ، نەگونجاو بۆ خواردن و بەسەرچوو بۆ دروستکردنی کەبابەکانیان بەکار دێنن.

خاوەنی ئەم کەبابی و جگەرفرۆشییانە دوای چەند جارێک ئاگادارکردنەوە دەسبەسەر کراون.

خراپیی دۆخی ئابووری و کەمبوونی گۆشت لە بازاڕەکاندا، وای کردووە کەسانێکی هەلپەرەست ئەم دۆخە بقۆزنەوە و مادە و خۆراکی خراپ و ماوە بەسەرچوو بەکار بێنن.