کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەتوارێک و تەنیا یەک ڕێگەچارە

12:26 - 24 جۆزەردان 2722

شەماڵ تەرغیبی

بارودۆخی ژیان لە ئێستەی ئێراندا ئەوەندە ئەستەم و تاقەتپڕووکێنە کە بیرکردنەوە لێی مرۆڤ ئازار دەدات چ بگات بەوەیکە تێیدا بژی و خۆت یەکێک بی لەو کاراکتەرانەی کە لە شانۆگەرییەکەدا بەشداریت و ڕۆژانە نا، بەڵکوو خولەک بە خولەک و چرکەبەچرکەی ژیانت بە پێست و ئێسکەوە درکی پێ بکەیت؛ درک بەو کەتوارەی کە تێچووەکانی ژیان زۆر و قورسن، نان دەس ناکەوێت، گرانی ئێخەی دادڕیوی، بە ڕۆژی ڕووناک ستەمت لێ دەکرێ و مافت دەخورێ و بەرگی یاساییشی بە بەردا دەکرێ؛ درک بەو کەتوارەی کە بە بەرچاوتەوە مرۆڤێکی تر ژیانی لێ دەستێندرێ، لە گەنداوی سیاسەتەکانی ڕێژیمدا نوقم دەبێ و ئیزن بە کەسیش نادرێ کە دەنگ هەڵبڕێ! درک بەو کەتوارەی کە ئەمڕۆ ڕۆن، شەکر، برینج یان هەر پێداویستییەکی ترت بەهۆی گرانبوون نەکڕیبێ بەو ئاواتەی سبەینێ فەرەج و کرانەوەیەک ڕوو بدات بەڵام سبەینێ سەیر دەکەی لە ڕۆژی پێشتر بە چەندقات زیاتر گران بووە و تۆ دیسان دۆش دادەمێنی و بە ڕووزەردی دەگەڕیتەوە ماڵەکەت؛ هەڵبەت ئەگەر ماڵێک هەبێ و خەمی نەدانی کرێ ماڵ و دەرکران لە لایەن خاوەن ماڵەکەشت لە دڵدا بێ ئیتر ئەوە دەبێتە دەردی بان دەردان.

ئەمە بەشێکە لەو تابلۆ تراژیکەی کە ئەمڕۆ خەڵکانی ئێران ئەزموونی دەکەن؛ تابلۆیەک کە ویژدانی نەنووستووی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز ئازار دەدات. کەواتە دەبێ چی بکرێت؟ یان بەدیوێکی تریدا ڕێگای دەربازبوون لەم نەهامەتییانە چییە؟ یان باشترە بڵێین ئایا ڕێگایەک بۆ خۆقوتارکردن هەیە؟

پێش لەوەیکە بۆ وڵامی ئەم پرسیارانە بگەڕێین دەبێ بزانین کە هۆکارەکان چی بوون کە ئەمڕۆ ئێمە ناچارین باس لەم جۆرە گرفتانە بکەین؟ نەبوونی سەرچاوە و سامانی بەپیت؟ نەبوونی پلان و ئامانجی دیاریکراو؟ نەبوونی بەڕێوەبەریی سەردەمیانە و تۆکمە؟ یان چی؟

بە خوێندنەوەیەکی سەرەپێیی بۆ شێوەژیانی مرۆڤەکانی نیشتەجێ لەو جوغڕافیایەی کە بە ئێران دەناسرێ دەبینین کە سەرچاوەی سەرەکی کۆی ئەم نەهامەتییانە کە ماوەی چەند دەیەیە دۆم دەکا بریتییە لە شێوەڕوانین و عەقڵیەتێک کە پێی وایە تاقەڕێگای گەیشتن بە بەختەوەری لەلای ئەوە و هەر شتێک یان هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی تر ناڕاست و چەوتە بۆیە دەبێ بۆ گەیاندنی کاروانی بەشەری بە دوامەنزڵگەی خۆی، "ئەو" پێشەنگایەتی و ڕێبەرایەتیی بکات. ئەم بیرکردنەوە تەنیا لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە بەڵکوو مێژووەکەی بۆ زۆر پیش لەم سیستمە دەگەڕێتەوە کە تێیدا مرۆڤەکان هەموو بڕیاروەرگر و جێبەجێکار بوون و تاقمێکیش لە لوتکەی هێرەمەکەدا باڵادەست بوون و هەموو سامانەکانی ئەم نیشتمانە لە ئیختیاریاندا بووە تاکوو بتوانن وەک خۆیان دەڵێن "ئەرکە ئیلاهی و ئاسمانییەکانیان" بە ئەنجام بگەیەنن.

ئەم شێوە بیرکردنەوەیە چەشنێک لە ناسیۆنالیزمی ئێرانییە بەناوی ناسیۆنالیزمی بێشوێنکەر کە پێش لە قاجارەکان سەری هەڵدا و دەسەڵات لەدوای دەسەڵات پەرەی پێ درا. ئەم شێوە ناسیۆنالیزمە کە زیاتر لە نێو خەون و خەیالی "ئەزەلیبوونی ئێران" و "سەرچەشنبوونی ئەم جوغڕافیا دەسکردە" دەسووڕێتەوە و لە بنەڕەتدا لاقی لەسەر عەرز نییە و کەتوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابوورییەکان نابینێ لە پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بەرگێکی ئایینی بە بەردا کرا و هەوڵ درا ڕەوایی ئاسمانی بۆ وەربگیرێ.

بەکورتی ڕوانینی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان بەسەر ئەم جوگرافیا وای کردووە کە چەمکێک لەدایک ببێ بەناوی کۆلۆنیالیزم یان داگیرکاری کە بەهۆیەوە ڕەوایی دەبەخشرێتە هەر چەشنە ستەمێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەواوی گیانلەبەر و بێگیانی نیشتەجێ لەم جوغرافیا بە هی خۆی و بۆخۆی دەزانێ و هەر کەس و لایەنێکیش کە دژایەتی بکات و داوای مافی خۆی بکا بە دژە ئێرانی، دژەئایین، دژەمرۆڤ و نۆکەر و بەکرێگیراوی دژمنی دەناسێنێ؛ بەم پێیەش گرفتەکان لە نەبوونی سامانی بەپیت یان نەبوونی پلان یان نەبوونی کەسانی شارەزا بۆ بەڕێوەبەریی نییە بەڵکوو پرسەکە لەوەدایە کە ئەگەر ئەمانەش هەن دەبێ لە خزمەت دەسەڵاتی بڕیاردەردا بن نەک لە خزمەت بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵگا؛ لێرەدا دەگەڕینەوە بۆ پرسیارە جەوهەرییەکەمان کە دەبێ چ بکەین؟ و ڕێگای دەربازبوونمان چییە؟

بەکورتی و لە چەند ڕستەدا دەتوانین بڵێین "گەر دەمانهەوێ بەو ئازادییە بگەین کە لە سێبەریدا مرۆڤەکان بە بەختەوەری بگەن، ڕەوشی ژیان قەڵەمبازێک بەرەو ئارامی هەڵگرێت و چیدی بینەری تابلۆی تراژیکی مردن بەهۆی برسیەتی نەبین دەبێ ئەم بیرکردنەوە وەک خۆی بناسین و لەبەرامبەریدا بوەستین و دایڕمێنین دەنا ئەگەر وا نەبێ بە نەمانی ڕێژیمی ئێستەی زاڵ بەسەر ئێران، بیرکردنەوەکە ناڕووخێ و جارێکی تر و بەناوێکی تر و لە بەرگێکی تردا سەر هەڵدەداتەوە و ئێمەش تووشی سووڕانەوە لە نێو بازنەیەکی بەرتەسکدا دەبینەوە، وەک ئەوەیکە پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری خومەینی دیتمان."