کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەرتی داروسازی لە ئێراندا تووشی قەیران بووە

19:24 - 8 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە ئێران بە هۆی گەماروەکان، دابەزینی نرخی دراو، نەبوونی پارە لە بازاڕ و بەڕێوەبەریی هەڵە، کەرتی داروسازی ڕووبەڕووی قەیران و مایە پووچبوون بووەتەوە.

هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم بڵاویان کردووەتەوە، کە "محەمەد عەبدە زادە،" بەڕێوەبەریی گشتیی دەرمانی ڕێکخراوی خواردن و دەرمان، لە ڕۆژی نیشتمانیی داروسازیدا، وتوویەتی: "کەرتی داروسازی لە ئێراندا تووشی قەیران بووە".

ناوبراو وێرای کاریگەرییەکانی گەمارۆکان و گۆشارەکانی دەرەوە بۆ سەر کەرتی دەرمانسازی، هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکانی دەرمانسازی بە کێشە نێوخۆییەکانی وەکوو: "نەبوونی پارەی نەخت لە بازاڕ و قەرزاری شیرکەتە داروسازییەکان، جیاوازیی ئاستی نرخی تێچووی بەرهەم هێنان و فرۆشتن، بەرهەمهێنان و دابە کردن و هەڵەی بەڕێوەبەریی زانیوە".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، لەسەر قەیرانی دەرمانسازی باسی لەوە کردووە، کێشەکانی کەرتی دەرمانسازی لە ئاستێکدایە کە ئەگەری داڕمانی هەیه و تەنانەت بە هاوردەکردنی دەرمان لە دەرەوەی وڵاتیش چارەسەر نابێت.

گۆشارە جیهانییەکان و دووبارەبوونەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و بەڕێوەبەری هەڵەی بەرپرسانی ڕێژیم وای کردووە، زۆرینەی کەرتەکانی ئێران تووشی قەیران بوونە و ئابووری ئێران لە بەشی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی و هاوردەکردن بەرەو داڕمان دەچێت.