کوردستان میدیا: سیستمی پەروەردە و فێرکاریی ئێران لە پلەبەندیی U21دا، لە دوایین پلەدا جێی گرتووە و وەکوو سیستمێکی کۆن و دواکەتوو لە ئاستی جیهاندایە.
"یونیوێرسیتاس ٢١"، لە نوێترین بەراوردی خۆیدا لە بارەی سیستمی پەروەردە و فێرکاریی وڵاتانی جیهاندا ڕیزبەندییەکی لە وڵاتانی جیهانی بڵاو کردووەتەوە، کە ئێران لە نێوان ٤٨ وڵاتی جیهاندا تەنیا دوو پلەی ماوە بگاتە دوایین وڵاتی جیهان.
وڵاتانی: ئامریکا، سویس، بریتانیا و سوئید لە پلەکانی یەکەمدان.
ئەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات، کە لەو ڕێزبەندییەدا، سیستمی پەروەردە و فێرکاریی ٥٠ وڵاتی جیهان بەپێی ٢٤ پێوەر و ٤ تەوەری سەرەکی وەک: سەرچاوەکان، ژینگه، پێوەندییەکان و دەسکەوتەکان پلەبەندی کراون.
پەروەردە و فێركاری كاریگەرترین و گرینگترین هۆكاری پێشكەوتنی كۆمەڵگایە، بەڵام لە ئێراندا ئەم پرسە بایەخی پێ نادرێت و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی تاران هیچ پێداویستییەک بۆ ئەو بەشە دابین ناكەن و بەرپرسانی پێوەندیدار هیچ هەوڵێك بۆ چارەسەریی كێشەكانی پەروەردە نادەن.
لە سیستمی پەروەردەیی ئێراندا، لە سیستمی ئایینی حكوومەتی كەڵك وەرگیراوە، كە ئامانجی ئەو پەروەردەیە پێگەیاندنی مرۆڤە بۆ گەیشتن بە ئاستێكی تایبەت كە بە دڵی وەلی فەقیهـ بێت و لەو بیرۆكەیەدا بتوێتەوە. بۆیە لەو سیستمەدا هیچ هەوڵێك بۆ چاكسازیی كۆمەڵگا و دێموكراتیك و ئینسانیكردنی خوێندن و قوتابخانە و زانكۆكان نادرێت.
بوودجەی پەروەردە و فێرکاری لە ئێراندا بوودجەیەکی پێویست نییە و هەموو ساڵێک بڕە بوودجەیەک دابین دەکرێت کە بەشی کاروباری پەروەردە ناکات.