کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەرتی پەروەردە بەرەو کوێ دەچێ؟

00:36 - 28 پووشپەڕ 2722

ئاسۆ مینبەری

کەرتی پەروەردە لە هەر وڵاتێکدا بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە باشترین و بەڕۆژترین ئیمکانات و پێداویستییەکانیش بۆ پەرەدان بەم کەرتە دابین بکرێت، چونکە یەکێک لە بنەڕەتیترین کۆڵەکەکانی گەشە و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک ئەم کەرتەیە.

جا لێرەدایە کە ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەت و دەسەڵات کە چۆن بیەوێ کۆمەڵگاکەی خۆی لە خنکان لە ناڕۆشنبیری و دواکەوتوویی ڕزگار بکات.

بەراوردکارییەکی زۆر سادەی وڵاتانی دێموکراتیک لەگەڵ وڵاتانی دواکەوتووی نادێموکراتیک بەڕوونی جیاوازییەکان دەردەخات. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا جیا لەوەی کە لە کەرتی پەروەردەدا هەوڵ بۆ فێرکردنی نەوەی نوێ بە مەبەستی رێزگرتن لە جیاوازییە ئایینی، زمانی و فەرهەنگییەکان دەدرێت، هەوڵ دەدرێت تاکێک پەروەردە و ڕەوانەی کۆمەڵگا بکرێت کە خۆی بەرانبەر بە داهاتووی کۆمەڵگاکەش جا بە هەر بیر و باوەڕێکەوە بێت بەرپرسیار بزانێت، بەڵام ئەمە لە کۆمەڵگایەکی دواکەتووی ئیدئۆلۆگی وەکوو ئێراندا زۆر بەپێچەوانەیە!

دەسەڵاتی حاكم بە سەر جوگرافیایەکدا کە پێێ دەوترێت ئێران، سیاسەتی پەروەردەیی خۆی بە جۆرێک داڕشتووە کە دەکرێ وەکوو سیاسەتێکی زۆر بەرچاوتەنگی ئیدئۆلۆژیک ناوی لێ ببردرێت؛ لە ڕاستیدا بە پێچەوانەی پێناسە گشتییەکان کە بۆ کەرتی پەروەردە دەکرێت ئەمە لە کۆمەڵگای ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا هەر بەدی ناکرێت.

نموونەی ئەم بەدی‌نەکردنە، بەدواداچوونە بەردەوامەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەرێ ئێستای ڕێژیمی ئێرانە کە پێداگری لەسەر سڕینەوەی دەقە زیادییەکان لە کتێبە دەرسییەکان و گونجاندنی دەقی پێوەندیدار بە شارستانییەتی نوینی ئیسلامییەوە دەکات بەبێ ئەوەی کە هیچ ئاماژەیەک بە دەقە زیادییەکان بکات کە چێن و بۆچی نابێ لە کتێبەکاندا هەبن؟!

لە ڕۆژانی رابردوودا، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی رێژیم باسی لەوە کرد کە هەندێ بابەت کە هیچ کاراییەکیان لە کتێبە دەرسییەکاندا نییە و بە قازانجی قوتابییانیش نین لە کتێبە دەرسییەکان دەسڕدرێنەوە!

ئەوانەی کە لە سیستەمی پەروەردە و فێرکاریی ڕێژیمدا درێژەیان بە خوێندن داوە باش لەم بابەتە ئاگادارن کە نوێبوونەوە و بەڕۆژبوونەوەی زانیارییەکان لە کتێبە دەرسییەکاندا بابەتێک بوو کە هیچ گرینگییەکی پێ نەدەدرا، بۆ نموونە قوتابییەکی پۆلی یەک هەر ئەو وانانە دەخوێنێت کە ٢٠ ساڵ لەوەپێش دایک و باوکی خوێندوویانە، واتە جەوهەر و ناوەڕۆکی کتێبەکان هەر یەکە و تەنیا گۆڕانێکی ڕواڵەتی ڕووی داوە، جا لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ، کە ئەگەر ئەم بابەتانە بەکەڵک نەهاتوون و قازانجییان بۆ قوتابییان نەبووە، ئەی بۆچی پێشتر لەمانە بیریان لە گۆڕینیان نەکردووەتەوە!

لە ڕاستیدا ئامانجی ڕێژیمی ئێران و لە سەرووی هەمووانەوە عەلی خامنەیی لە درووستکردنی ئەم گۆڕانە لە چوارچێوەی کتێبە دەرسییەکاندا نەک گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە و پێشگرتن لە بەفیڕۆچوونی کاتی منداڵان بە وانەی بێسوود، بەڵکوو هێنانەئارای پەروەردەیەکی ئیدئۆلۆژیک لە ژێر ناوی "شارستانییەتی  نوینی ئیسلامی"یە، کە خودی خامنەیی لە سەرەتاکانی دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە تاکوو ئێستا پێداگریی لە سەر کردووە، خامنەیی لەمبارەوە جەختی کردووەتەوە کە پاش شۆڕشی ئیسلامی، حکوومەتی ئیسلامی درووست دەبێت و پاشانیش دەبێ دەوڵەتی ئیسلامی درووست ببێت تاکوو کۆمەڵگا ببێتە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی کە ئەمەش دەبێتە هەوێنێک بۆ درووستکردنی شارستانییەتی نوینی ئیسلامی!

جا لە چوارچێوەی ئەم شارستانییەتەدایە کە ئەتوانێ وەکوو دەسەڵاتێکی خوێنمژ، بە پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی نەوەی نوێ مانەوە و داهاتووی خۆی گەرەنتی بکات!

ئامانجی ڕێژیم لە دەسکاریکردنی پێکهاتەی کتێبە دەرسییەکان لە ڕاستیدا هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ ئەوەی کە ژێر زەبر و هێزی فێرکاریدا کۆمەلێک زانیاریی درۆ و چەواشەکارانە بخرێتە مێشکی نەوەی داهاتووی کۆمەڵگاوە کە بێگومان لەبیرکردنی ئەم بابەتانە لە داهاتوودا زۆر ئەستەم دەبێت.

رێژیم لە هەوڵدایە کە سیاسەت و بەرنامەی خۆی بۆ داهاتوو بەجۆرێک لە چوارچێوەی کەرتی پەروەردەدا بگونجێنێ کە ڕەنگدانەوەیەکی دیار و بەرچاوی لە کۆمەڵگادا هەبێت، هەر وەک چۆن لەم رێگەیەوە توانی کۆمەلێک کلیشەی ڕەگەزی بخاتە مێشکی مندالانەوە کە کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر ببەن، یان وەک ئەوەی کە کەسانێکی وەکوو حسەین فەهمیدە بکاتە هێما بۆ منداڵان و هەر لە منداڵییەوە فێریان بکات کە گیانفیدای ئارمانەکانی ئینقلابی ئیسلامی بن!

لە چەند ساڵی ڕابردوودا سڕینەوەی کۆمەلێک شێعر و بابەتی فێرکاری و وێنەی کچان لە سەر ڕووبەرگی کتێبە دەرسییەکان کاردانەوەی زۆری خاوەن بیرانی لێ کەوتەوە، بەڵام وادیارە کە کاردانەوەکان نەیانتوانی کۆماری ئیسلامی لە کردەوەکەی خۆی بوەستێنن.

بەم حاڵەوە، کەرتی پەروەردە لە ئێراندا بەرەو کوێ دەچێ؟ و ئەرکی کێیە کە لە بەرانبەر ئەم هەوڵەدا بوەستێ؟

بێگومان بێدەنگی لە بەرانبەر هەر کردەوەیەکی لەم چەشنەدا، گەورەترین غەدر لە داهاتووی منداڵانە، بەڵام ئەمە کەتوارێکی حاشاهەڵنەگرە کە تا کاتێ ڕێژیمی ئاخوندی لە سەر کار بێت، پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک بۆ پەرەدان بە سیاسەتەکەی بەردەوام دەبێ، بۆیە گرینگترین ڕێگا بۆ بەرپەرچدانەوە، ڕۆشنبیریی خودی کۆمەڵگا بەرانبەر بەم بابەتەیە، تاکوو بتوانن بە ڕوونکردنەوەی بابەتەکە و هاوتەریبکردنی پەروەردەیەکی درووست بۆ منداڵەکانیان بەرەنگاری ئەم هەوڵە ببنەوە و نەهێڵن نەوەی داهاتوو کە بونیاتنەری داهاتووی ژیان و کۆمەڵگان لە گێژاوی نەزانی و بیری ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئاخوندیدا بخنکێن.