کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەرەستەی خانووبەرە بە هەرزانترین نرخ ڕەوانەی سووریە دەکرێت

12:37 - 8 خەرمانان 2720

ڕێژیمی ئێران لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی "ئەسەد" بڕیارە خانووبەرە بۆ خەڵکی سووریە ساز بکات و بە خێراییەکی زۆر ڕێژیم دەستی بەو کارە کردووە.

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ نۆژەنکردنەوەی سووریە فەرمانی بە کارگە و کارخانەکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی خانووبەرە داوە کە هەرزانترین و باشترین ڕەنگ و کەرەستە بەرهەم بێنن.

ڕێژیمی ئێران ئەو کەرەستانە بۆ سووریە دەنێرێت، بەڵام تەنیا ڕەنگی خانووبەرە هەتا ئێستا سێ جار گران بووە و نرخی یەک کیلۆ ڕەنگ لە ماوەی یەک حەوتوودا ١٤ هەزار تمەن گران بووە.

دروستکردنی خانووبەرە لە سووریە و ناردنی کەلوپەلی باش و هەرزان بۆ سووریە لە کاتێکدایە کە زۆربەی خەڵکی ئێران بەهۆی گرانیی خانوو تەنانەت ناتوانن کرێش بدەن.

ڕێکەوتی ٤ی خەرمانان "ئیبراهیم مەحموودزادە'' جێگری وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران  لە دیدار لەگەڵ ''سۆهەیل عەبدوللـەتیف'' وەزیری خزمەتگوزاریی گشتی و خانووبەرەی سووریە، لەسەر گەشەی ئاوەدانی و دروستکردنی خانووبەرە لەو وڵاتە جەختی کردەوە.

''عەبدوللـەتیف'' باسی لەوە کردبوو، بەڕێوەبردنی ئەم پرۆژەیە، ٨ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و سەرمایەگوزاری لە خانووبەرە لەخۆ دەگرێت.