کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٧ کەس به هۆی بوومەلەرزە بریندار بوون

10:19 - 9 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بوومەلەرزەیەکی‌ ٤.٤ ڕیشتێری شارستانی ئابدانان، سەربە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند.

ڕۆژی چوارشەممە، ۸ی ڕەشەممە، کاتژمێر ۹:۱۲ خولەکی سەرلەبەیانی، بوومەلەرزەیەکی ٤.٤ ڕیشتێری شارستانی ئابدانان و ناوچەکانی دەروبەری سەربە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند و سەرچاوە هەواڵدەرییەکان باس لە برینداربوونی بەشێک لە هاووڵاتییان و زیانێکی سەرەتایی دەکەن.

سیرووس مورادحاسڵی، فەرمانداری شارستانی ئابدانان، لەم بارەوە ڕاگەیاندووە: کە بوومەلەرزەکەی شارستانی ئابدانان و ناوچەکانی دەوروبەری زیانێکی زۆری لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کە هێندێک لە ماڵ و دووکانەکانی هاووڵاتیان ڕووخاون و بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەو شارە بریندار بوون.

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار بوومەلەرزە لەو ناوچانە ڕووی داوە، کە دوایین بوومەلەرزە لە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕووی داوە و ڕێژەی برینداربووانی ئەو بوومەلەرزەیە گەیشتووەتە ۲۰ کەس، کە برینەکانیان سەرەتایین و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئابدانان گواستراونەتەوە.

لە دوای ڕوودانی بوومەلەرزە ٧ ڕیشتێرییەکەی ئەزگەلەی پارێزگای کرماشان، کە لە ٢١ی خەزڵوەری ساڵی ١٣٩۶ی هەتاوی، ڕووی دا و هەزاران کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە، هەتاکوو ئێستا زیاتر لە دەیان جاری دیکە بوومەلەرزە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی ناوچەکانی پارێزگای کرماشانی هەژاندووە.