کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٧ کەس سەر بە ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کران

09:09 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: پولیسی کانادا، ١٧ کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کە کاری سپیکردنەوەی پارەیان لەو وڵاتەدا کردووە، دەسبەسەر کردووە.

پولیسی دەوڵەتی کانادا، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە هێزەکانی پولیسی ئەو وڵاتە لە ئیالاتی ئۆنتاریۆ و کێبک، ١٧ کەسیان دەسبەسەر کردووە، کە ٧ کەسیان ئیرانییە.

ئەو ١٧ کەسە کاری سپیکردنەوەی پارەیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کردووە، کە بڕی ٣٢.٨ میلیۆن دۆلار پارە لەو گرووپە دەستی بەسەردا گیراوە.

دامەزراوەی نێونەتەوەیی بازڵ لە سویس، کە تایبەت لەسەر پرسی سپیکردنەوەی پارە و خەبات لە دژی تێرۆریزم کار دەکات، لە نوێترین ڕاپۆرتێکدا کە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکەمین وڵاتی جیهانە لەمەڕ سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانی لە تێرۆریزم.

ئەنجامدانی چاکسازی لە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، یەکێک بووە لەو ٤ پێشنیارەی کە لە لایەن ڕێکخراوی (ئێف. ئەی. تی. ئێفـ)ـەوە خراوەتە بەردەم ڕێژیمی ئێران بۆ ھێنانەدەرەوەی ئەو وڵاتە لە لیستی ڕەشی ئەو ڕێکخراوەیە.

 (ئێف. ئەی. تی. ئێف)، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیە، ٣٠ ساڵ پێش دامەزراوە و ئەرکی سەرەکیی ڕێگرتنە لە سپیکردنەوەی پارە و ڕێگری لە پشتیوانیی دارایی لە گرووپە تێرۆریسیتییەکان.