کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ کەس لە بریندارانی خۆپیشاندانەکان ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران کراون

11:14 - 11 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ١٢ کەس لە بریندارەکانی خۆپیشاندانەکانی کرماشان بۆ خاوێنکردنەوەی چاویان، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تاران کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ١٢ کەس لە خۆپیشاندەران کە چاویان بریندار ببوو و لە نەخۆشخانەی "تاڵەقانیـ"‌ـی کرماشاندا خەوێندرابوون، بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران بەڕێ کراون.

ئەو ١٢ هاووڵاتییە کوردە بە چەکی ساچمەیی بریندار بوونە و ئێستاش بۆ خاوێنکردنەوەی چاویان ڕەوانەی تاران کراون.

شوناسی چەندین هاووڵاتیی شەهید و برینداریش ڕوون بووەتەوە و بەشێکی بریندارەکانیش لە ترسی دەسبەسەرکرانیان لەلایەن ڕێژیمەوە، لە ماڵەوە خۆیان تیمار دەکەن.

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا نەخۆشخانەکانیان خستبووە ژێر چاوەدێری و بریندارانیان دەسبەسەر دەکرد.

هەروەها هێزی بەناو ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران بەبێ مۆڵەت هیچ نەخۆشێکی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەدەکردەوە.

لە خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ژمارەیەک هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون و هەتا ئێستا شوناسی ژمارەیەکی زۆر لە دەسبەسەرکراوان ڕوون نەبووەتەوە.

هەروەها چەندین خۆپیشاندەریش، لەوانە: "حەمزە فەرەجی و ئیمان عەسکەری"، لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید کراون.

لە دوای خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران، ڕێژیم بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە خەڵکی سەرکوت کرد.