کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤ کەس لە بەندەری ماهشەهر لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

18:56 - 7 جۆزەردان 2720

هێزە ئەمنییەتییەکانی پارێزگای خووزستان، ١٤ کەسیان لە بەندەری ماهشەهر بە تۆمەتی "گرێدراوی بە گرووپە تەکفیری و جیاییخوازەکانـ"ـەوە دەسبەسەر کردووە.

"حەیدەر عەباس ‌زادە" فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە خووزستان ڕایگەیاندووە کە ١٤ کەس لە خەڵکی بەندەری ماهشەهر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "گرێدراوی بە گرووپە تەکفیری و جیاییخوازەکانـ"ـەوە دەسبەسەر کراون.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە ئەو کەسانە لەنێو شاردا تەقەیان لە بنکەکانی هێزە ئینتزامییەکان و بەسیج کردووە و ئاڵای "ئەلئەحوازییوونـ"ـیان لەسەر دەرگا و دیواری شار داوە و ئاڵایان گەڕاندووە و وێنە و فیلمەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات ناردووە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ٩ کەس لەو کەسانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەتاکوو چارەنووسیان ڕوون دەکرێتەوە براونەتە بەندیخانە و ئەوانی دیکە لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان و ئێران پرۆسەیەکی بەربڵاوی ڕەشبگیرییان دەست پێکردووە و ئەو کەسانەی کە بە هەر شێوازێک دژایەتیی سیستمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بکەن لەلایەن ئەو هیزە ئەمنییەتییانەوە دەسبەسەر دەکرێت.