کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣ کەس لە مۆرەکانی ڕێژیمی ئێران کە پلانی هێرش بۆ باڵوێزخانەی"ئیماراتـ"ـێان هەبووە دەسبەسەر کران

11:45 - 28 رێبەندان 2720

بەرپرسانی ئامریکا و ئیسرائیلی بڵاویان کردووەتەوە، دەستیان بە چەندین بەڵگە گەیشتووە کە پیشان دەدات ڕێژیمی ئێران پلانداڕێژەری هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئیمارات لە پێتەختی ئێتیۆپی بووە و لەو پێوەندییەدا ٣ کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراون.

نزیکەی دوو حەوتوو لەمەوپێش، میدیاکانی ئێتیوپی ڕایانگەیاند؛ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ١٥ کەسیان بە تۆمەتی پلان داڕشتن بۆ هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ''ئادیس ئابابا'' دەسبەسەر کردووە و کۆگایەکی چەکوچۆڵ و کەرەستەی تەقینەوەیان دۆزیوەتەوە.

ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندان میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد کە پیلانی نوێ ڕێژیمی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندە دیپڵۆماتیکەکانی ئیسرائیل، ئامریکا و ئیمارات لە ڕۆژهەڵاتی ئافریقا پوچەڵ کراوەتەوە.

ئێستا، بەرپرسانی ئامریکا و ئیسرائیل دەڵێن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەنجامی ئەو عەمەلیاتە شانەیەکی نەهێنی لە ''ئادایس ئابابا'' چالاک کردووە.

ئەو بەرپرسانە وتوویانە کە ئامانجی ڕێژیمی لەو عەمەلیاتە بە ئەگەری زۆرەوە تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی '' موحسێن فەخریزادە و قاسم سلێمانی'' بووە.

هەتا ئێستا پۆلیسی ئێتیۆپی بە فەرمیی تۆمەتەکانی ئەو ١٥ کەسەی ڕانەگەیاندووە و بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن کە سێ کەسیان لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بوونە.

بەپیێ ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز، ڕێژیمی ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە و وتەبێژی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە ''ئادیس ئابابا'' وتوویەتی کە ئەو ئیدعایانە بە هاندانی میدیاکانی ئیسرائیل بووە.