کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢٥ کەس لە پارێزگای ئیلام بەهۆی تۆز و خۆڵەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون

12:00 - 14 بانەمەڕ 2722

"عەباس عەبدی" سەرۆکی پەیوەندیی گشتیی ئوڕژانسی پارێزگای "ئیلام" ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بانەمەڕ وتوویەتی: "لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٢٥ کەس لەو پارێزگایە بەهۆی تۆز و خۆڵەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون".

"عەبدی" هەروەها وتوویەتی: "بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە پزیشکییە، ١٠ نەخۆشی دڵ و سییەکان لەلایەن ئوڕژانسی ١١٥ـەوە ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی ئاستی پارێزگای ئیلام کراون، هەروەها ٢٢٥ کەسیش کە تووشی نەخۆشیی دڵ و سییەکان بوون سەردانی نەخۆشخانەکانی دیکەی ئەو پارێزگایەیان کردووە".

هەروەتر هاتنی تۆز و خۆڵ بۆ پارێزگای "کرماشان"، هەوای ٤ شاری ئەو پارێزگایەی تووشی بارودۆخی مەترسیدار و قەیران کردووە.

پێوەری پیسیی هەوا بەهۆی هاتنی تۆز و خۆڵەوە بۆ شارەکانی "قەسری شیرین، سەرپێڵ زەهاو و ئیسلام ئابادی غەرب ژمارە ٥٠٠ و شاری کرماشان ژمارە ٣٦٧ـە کە دەرخەری ئەوەیە بارودۆخی ئەو پارێزگایە مەترسیدار و قەیراناوییە.

بەپێی کەشناسی، هاتنی تۆز و خۆڵ تا دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ١٦ی خەرمانان لە پارێزگای "کرماشان" بەردەوام دەبێت.