کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ کەس لە ئەندامانی شارەداریی مەهاباد دەسبەسەر کراون

13:37 - 5 گەلاوێژ 2720

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ٥ کەس لە کارمەندانی شارەداریی مەهابادیان دەسبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی کاتژمێر ٩ی بەیانی، مەئموورانی حیفازەتی ئیتلاعات کە ڕوون نییە لە تاران یان لە ورمێوە هاتوون، ٥ کەس لە کارمەندانی شارەداریی مەهابادیان دەسبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.

ئەو مەئموورانەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بە سێ ماشین هاتوونەتە شارەداریی مەهاباد و ئەو کەسانەیان دەسبەسەر کردووە.

شوناسی ئەو کارمەندانەی دەسبەسەر کراون بەم چەشنەیە: "ئارمان کەریمی، فاخر بایزیدی (بنەماڵەیەکی سەر بە ڕێژیمی ئێران)، ئاوارە (عومران) عەلیزادە، سەید حەسەن سەید ئەمینی (بەرپرسی ئەملاک) و سەعید مستەفا نژاد".

ئەو ٥ کەسە لە کارمەندانی شارەدارین و لە بەشی شارسازیدا کار دەکەن. هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو کەسانە بۆ گەندەڵی و دزیی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە.

هاوکات باس لەوە دەکرێت، "حامید حەیدەری" شورای شاری مەهاباد و برایەکی موهەندیس "کەریمی" لەلایەن حیفازەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.

شارەداریی مەهاباد بە ویستی خەڵک دانەنراوە و ئەو ئیدارەیە خزمەتگوزای ناکات. شارەداریی مەهاباد وەک یەکێک لە ئیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لەوەیکە تەنگی به خەڵک هەڵچنیوە، لە هەمان کاتیشدا ڕێگری لە دروستکردنی بیناسازی لە خەڵک دەکات.

هاووڵاتییانی مەهاباد به دانانی "کامران فاتح" وەک شارەداریی ئەو شارە ناڕازین، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو پێشتر لە شارەداریی پیرانشاردا گەندەڵیی کردووە و یەکێک له مۆرەکانی ڕێژیمی ئێرانه.