کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سیخوڕی و بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان لە ناوی حیزبی دێموکرات کەڵکاوەژوو وەردەگرن

18:17 - 25 خاکەلێوه 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شاری گوێکتەپەی مەهاباد، دوو کەس وەکوو باب و کوڕ بە ناوەکانی ''ئیـ.ق و س.ق'' کە کەسایەتییەکی ناحەز و بێزراویان لەنێو خەڵکدا هەیە، بۆ کاری سیخوڕی و بەرژەوەندیی تاکەکەسی، خۆیان لەنێو خەڵکدا بە ئەندامی حیزبی دێموکرات دەناسێنن و لە هەست و سۆزی خەڵک کەڵکاوەژوو وەردەگرن.

ئەو دوو کەسە جیا لە کاری سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران، مادەی هۆشبەر بە خەڵک دەفرۆشن و ناویان بە ''دز'' ناسراوە.

سەرچاوەی ئاگادار بە کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە کە ئەو دوو کەسە بە پشتیوانیی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم ماوەی یەک ساڵە دارستانەکانی ناوچەکانی ''شاروێران، شامات و مەنگوڕایەتی'' مەهابادیان داوەتە بەر پەلاماری خۆیان و بە بڕینەوەی دارستانەکانی ئەو ناوچانە زیانێکی زۆریان بە ژینگە گەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە کە خەڵکی گوێکتەپە چەندین جارهەوڵە قێزەونەکانی ئەو دوو کەسەیان لەقاو داوە و تەنانەت بە ناوەندەکانی ڕێژیمشیان ڕاگەیاندووە، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن کاریان پێ نەبوونە و دەستیان بۆ هەر کارێک ئاوەڵایە.

ئەو باب و کوڕە بە ناوەکانی ''ئیـ.ق و س.ق'' بۆ ئەوەیکە جێگای خۆیان لەنێو خەڵکدا بکەنەوە و کەس کاری بە ئەوان نەبێت، خۆیان بە ئەندامی حیزبی دێموکرات دەناسێنن.