کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسانی هەلپەرست قەیرانی کۆرۆنا بە دەرفەتێک بۆ کاسبی دەقۆزنەوە

17:30 - 26 خەزەڵوەر 2720

لە ئێستادا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەموو شوێنەکانی کوردستان تەشەنەی سەندووە و خەڵکێکی زۆر تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە بە شێوەیەک کە لە نەخۆشخانەکان تەختێکی بەتاڵ پەیدا نابێت، خەڵک ناچارن نەخۆشەکانیان لە ماڵەکانیان ڕابگرن.

لەو دۆخە نالەبارەدا کە لەلایەک خەڵک لەگەڵ گرانییەکی سەرسووڕهێنەر بەرەوڕوون و لەلایەکەیش نەخۆشیی کۆرۆنا زیاتر تەشەنە دەستێنێت، کەسانێکی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز لە شارەکانی پاڕێزگای ورمێ لەم دۆخەدا خەریکی گیرفان پڕکردنن.

ئەم کەسە نابەرپرسانە بە هاوکاریی مۆرەکانی ڕێژیم لە نەخۆشخانەی شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، بۆکان و مەهاباد بە کردنەوەی شوێنی کڕین و بەکرێدانی کەپسوولی ئۆکسیژێن و فرۆشتنی دەرمان بە نرخێکی زۆر، بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کەڵکاژۆ لەم دۆخە وەردەگرن.

بۆ نموونە کەپسوولی ئۆکسیژێن بەکرێ ڕۆژانە بە ١٢٠ هەزار تمەنە و کڕینی ئەو کەپسوولە بە ٢ هەتا ٣ ملیۆن تمەنە.

ئەوە لە حاڵێکدایە لە هەموو نەخۆشخانەکانی پارێزگای ورمێ کەمیی کەپسوول هەیە، بەڵام لە بازاڕدا بۆ فرۆشتن زوو وەدەست دەکەوەێت.