کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسانێکی سەر بە داعش لە ڕۆژئاوای ئێران دەستبەسەر کران

15:40 - 27 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: فەرماندەیەکی باڵای سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە زۆرێک لە ئەندامانی گرووپی داعش لە لایەن سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، بەهمەن ڕەیحانی فەرماندەی سپای تێرۆریستیینەبیی ئەکرەمی کرماشان ڕایگەیاندووە کە گرووپگەلێکی زۆر لە داعشیان دەستبەسەر کردوە و گوتیشی کە ئەو گرووپانە ماوەی ٢ ساڵە لەو پاریزگایەدا چالاکییان هەبووە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕۆژی سێ‏شەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا باسی لە دەستبەسەرکردنی ئەندامانی گرووپی تیرۆریستیی داعش و دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵێک کەرەستەی تەقەمەنی و بۆمب کرد.

ناوبراو ئەو گرووپەی، بە بەکرێ‏گیراوانی دووژمن لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران، لەقەڵەم داو و ڕایگەیاند کە ئەوان ترسیان لەو گرووپە تیرۆریستییە نیە.

ئەو لێدوانەی بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدا دێتە گۆڕی کە وەزیری دەرەوەی عێراق گوتبووی پاش تێرۆرەکانی پاریس، ئەگەری ئەوە هەیە داعش ڕووی هێرش و کردەوە تیرۆریستییەکانی بکاتە فەڕانسە، ئامریکا و ئێران.

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل مووشە یەعلوون ڕۆژی سێ‏شەممە ١٧ی نۆڤامبر لە وتووێژێکی ڕادیۆییدا گوتبووی بوونی ڕیژیمی ئێران لە ناوچەکەدا لە داعش مەترسیدارترە.

سەرەڕای ئەوەی ئەو فەرماندە باڵایەی سپای ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ترسیان لەو گرووپە تیرۆریستییانە نییە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا لە زۆربەی ناوچەکانی ئێراندا مانۆڕی نیزامیی بەربڵاویان بەڕێوە بردووە.

بەڵام مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم لە لێدونێکی جیاوازدا باس لەوە دەکات کە پێویستە کردەوە تیرۆریستییەکانی پاریس وەکوو هۆشدارییەک بۆ بەرپرسانی ئێران چاو لێ بکرێت و ئەو لێدوانەشی کاردانەوەیەکەلەبەرامبەر وتەکانی ئیبراهیم ئەلجەعفەری.

ناوبراو حەوتوویەک پێش ڕووداوە تیرۆریستییەکەی پاریس باسی لە دەستبەسەر کردنی دەیان کەس لە ئەندامانی گرووپە تیرۆریستییەکان لە پارێزگاکانی خووزستان، سیستان و بەلووچستان، تاران، گوڵستان و مازەندەران کردبوو.