کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی ئاکادێمیک لە کوردستان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد

11:07 - 24 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی ئاکادێمیکی کوردستان کە لەسەر ئەندێشەی سیاسی و مێژووی کوردستان لێکۆڵینەوەی دەکرد، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بەفرانبار، "جەلال حاجی ‌زادە" نووسەر و  کەسایەتیی ئاکادێمیکی خەڵکی سەردەشت، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.

دوکتور جەلال حاجی زادە، لەسەر ئەندێشەی سیاسی و مێژووی کوردستان و ئەندێشەی سیاسیی ئێران بە قووڵی کاری کردووە.

ناوبراو لە زۆربەی گۆڤارە کوردییە سەربەخۆکاندا بابەتەکانی خۆی بڵاو دەکردەوە.

ئەو نووسەرە کوردە لە هەموو چالاکی و هەوڵێکی نەتەوەییدا بە شێوەی دیار و نادیار بەشدار بووە.

ئەو کەسایەتییەی نەتەوەی کورد هەموو چالاکیی خوێندکارانی کوردی ڕێک دەخست و لە ڕۆژهەڵات بەگشتی وەک کەسایەتییەکی نەتەوەیی- ئاکادێمیک دەناسرا.

ناوبراو چەند جارێک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگهێشت کرابوو و هۆشدارییان پێدابوو کە چیتر نەنووسێت و دەست لە نووسین سەبارت بە ئەندێشەی سیاسیی کورد هەڵ بگرێت.

دوکتور "جلال حاجی زادە"، دوکتورای زانستی سیاسیی هەبووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە ئاکادێمیکەی کورد، سەرخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.