کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو لە بۆکان کۆچی دوایی کرد

12:11 - 7 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی خۆشناوی شاری بۆکان، بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بانەمەڕ، دوکتور "عەزیز موبارەکی"، کوڕی حاجی ڕەشید، کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری خەڵکی بۆکان، بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دوکتور عەزیز، لە بنەماڵەیەکی فەرهەنگی بوو و چەند برای لە مامۆستا خۆشناوەکانی شاری بۆکانن.

ناوبراو، دوکتورای دامپزشکیی هەبوو و خزمەتی بە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری شارەکانی: بۆکان، سەقز و مەهاباد دەکرد و یەکێک لەو کەسانە بوو، کە بەردەوام یارمەتیی خوێندکارانی بنەماڵە دەستکورتەکانی دەدا و بەم هۆیەوە کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێی ڕێز لە لای خەڵکی ئەو ناوچانە بوو.

ناوبراو هەروەها یەکێک لە کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکانیش بوو، کە زۆرجار لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا باسی لە بێبەشیی نەتەوەی کورد و زوڵم و زۆری داگیرکەر دەکرد؛ زۆرجاریش لە لایەن ڕێژیمەوە بەرپرسایەتیی پێ پێشنیار دەکرا، بەڵام ناوبراو وەری نەدەگرت و لە شوێنی کارەکەی خۆیدا خزمەتی بە خەڵک دەکرد.

تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی بۆکان لە گۆڕستانی ئەو شارە بە خاک ئەسپێردرا.

بەم بۆنەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانیت.