کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو لە سنە کۆچی دوایی کرد

12:56 - 13 خەرمانان 2720

ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بە ناوی میرزا "جەلال مینبەری"، خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە ژاوەرۆی سنە، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

میرزا "جەلال" ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی لە گوندی "نییەر" چاوی بە دونیا هەڵێنا.

ناوبراو لە تەمەنی لاویەتیدا لەگەڵ ئاستەنگەکانی ژیانی مرۆڤی کورد لە کوردستاندا ئاشنا بووە و هەر بۆیە وەکوو مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر شانی دایە ژێر خەمی نەتەوەکەیدا و لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەماندا وەکوو مرۆڤێکی بە هەڵوێست یارمەتیدەر و جێبەجێکاری ئەو ئەرکە نەتەوەییانە بوو کە پێی ئەسپێردرا.

خاوەن هەڵوێستبوون و بە ئەمەگیی ئەم مرۆڤە دلۆڤانه بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی، میرزا جەلالی کرد بە پیاوێکی خۆشەویستی خەڵکی گوندی سەربەرزی نییەر و ناوچەی ژاورۆ و چقڵی چاوی نەیارانی مافی ڕەوای نەتەوەکەمان.

ئەو کاسایەتییە حیزبدۆستە زیاتر لە بیست جار ڕاپێچی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە و کەوتووەتە بەر ئازار و ئەشکەنجەی دەسەڵات و هێزەکانی ڕژیمەوە.

میرزا "جەلال" مامی پێنج شەهیدی بارەگای ئازادی نەتەوەکەمانە.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری میرزا "جەلال مینبەری" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.