کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

13:19 - 4 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ڕەشەمە، کەسایەتییەکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بە ناوی "مستەفا قوربانی‌ئەقدەم" لە شاری "مەهاباد" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "مستەفا" ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە گوندی "گۆێکتەپە" سەربە شاروێرانی "مەهاباد" لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی لەدایک بوو.

دواتر ماڵیان گواستووەتەوە بۆ گوندی "قەرەگۆل" لە ناوچەی "چۆمی مەجیدخان".

لە قەرەگۆل  لەلای خاڵی "مەلا عەلی بادی" دەسەت بە خوێندنی سەرەتایی حوجرە و فەقیەتی کرد و وەکوو هەموو قوتابییانی ئایینیی دیکەی کوردستان و گوند بە گوند لە هەر مزگەوتێک کە مەلای باشی هەبایە و فەقێان وەرگرتبا درێژەی بە خوێندن دەدا.

لە درێژەدا لە قوتابخانەی "زانستی دینی" لە مزگەوتی "سوور"ی شاری مەهاباد  درێژەی بە دوایین بڕگەی خوێندنی مەلایەتی دا و هاوکات لەگەڵ کەسانی وەکوو مەلا "قەسیم سەوجە" و کاک سەید "سەلام عەزیزی" و مەلا "یوسف خزری" ئاشنا بوو.

پاشان دیپلۆم وەردەگرێ و لە تاقیکاریی سەراسەریی ئێراندا سەردەکەوێ و لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی تاران وەردەگیرێ؛ بەڵام پێش ڕۆیشتنی بۆ زانکۆ ناچار دەبێ ماوەی دوو ساڵ وەکوو "سپاهی زانست" لە گوندەکانی ناوچەی "لوڕستان" سەربازی و مامۆستایەتی بکا.

مەلا "مستەفا قوربانی‌ئەقدەم" پاش وەرگرتنی لیسانسی زمانی ئینگلیزی وێڕای هاوڕێیانی دیکەی خۆی، وەکوو کاک سەید "سەلام عەزیزی" و مەلا "یوسف خزری"، دەگوازرێنەوە بۆ شاری "ورمێ" و هەتا پاش سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی، مامۆستای زمانی ئینگلیزی دەبێ.

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ شاری "مەهاباد" و هەتا کاتی خانەنشینی؛ مامۆستای زمانی ئینگلیزی و عەرەبی دەبێ.

لە قەتڵ‌عامی گوندی "قەرەگۆل" بە دەست هێزەکانی ڕێژێمی ئێران چەندین کەس لە کەسانی نزیکی وەکوو برای و خاڵی کە مەلای ئاوەدانی بوون و سێ پوورزای شەهید دەبن.

مەلا مستەفا کە هەستی بەو زوڵمە زۆرە کردبوو کە لە گەلی کورد دەکرێ، قەت دەستی لە خەبات و هاوکاری و ڕوونکردنەوەی لاوان و قوتابییانی کورد هەڵ نەگرت و یارمەتی ڕەوتی خەباتی ڕەوای گەل و حیزبی دا.

تەرمی کاک "مستەفا" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.