کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەی کامیاران کۆچی دوایی کرد

11:37 - 27 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسایەتییەکی خۆشناو و حیزبدۆست بە ناوی کاک "تەیموورخان کەمانگەر" کوڕی "حەبیبەڵڵا بەگ" و برای شەهیدێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی "محەممەد کەمانگەر" ناسراو بە "شوانە"، لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو هەتا دوایین هەناسەکانی ژیانی بە حیزبی دێموکرات و ڕێبازی برا شەهیدەکەی وەفادار مایەوە.

شەهید شوانە ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لەدایک بووه و مامۆستای شۆڕش بووە. ناوبراو ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٦١ لە تەنگیسەر بریندار کرا و پاش چەند ڕۆژ لە برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی حیزب لە "سەرزێز" گواستیانەوە و هەر لەوێ شەهید بوو و بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

بنەماڵەی ناوبراو بەهۆی نیشتمانپەروەری، جێگای متمانەی خەڵک بوونە و دوای شەهیدبوونی کوڕەکەیان بەهۆی گوشاری زۆرەملێی ڕێژیم ناچار کران کە "کۆرەوەرە" جێ بهێڵن و  لە کامیاران درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن.

هاوکات ئیدارەی ئیتلاعات و حیفازەتی سپای تێرۆریستی کامیاران ئیزنیان نەدابوو کە ناوی "شەهید" لە تراکت و ئێعلامییەکاندا بێت و وشەی"شەهید"یان سڕیوەتەوە.

تەرمی کاک "تەیموورخان کەمانگەر" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.