کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو کۆچی دوایی کرد

13:02 - 2 رێبەندان 2719

 ڕۆژی سێشەممە، ١ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بە ناوی کاک "مستەفا خان ئیفتخاری" ناسراو بە "مستەفا خانی دربکە"، کۆچی دوایی کرد.

کاک مستەفا خان، هەستێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی قووڵی هەبوو و هەمیشە دڵی بۆ شۆڕش و تێکۆشانی تێکۆشەرانی کورد لێی دەدا.

ناوبراو دۆستایەتییەکی نزیکی لەگەڵ شەهید "دوکتور قاسملوو" و هەروەها شەهیدی زیندوو "مەلا حەسەن شیوەسەڵی" هەبوو.  

کاک مستەفا خان، بەهۆی چالاکی و کاری تەشکیلاتی، پێنج ساڵ لە جوانترین ڕۆژەکانی ژیانی گەنجیی خۆی لە زیندانەکانی حەمەڕەزا شای پەهلەویدا تێپەڕ کرد و تا دواساتەکانی ژیانی سەری بۆ داگیرکەرانی کوردستان نەوی نەکرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.