کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناوی شاری سەقز کۆچی دوایی کرد

17:28 - 26 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: مامۆستا مەلا "عومەر حسێنی"، کەسایەتیی ئایینی و خۆشناوی شاری سەقز و پێشنوێژی گوندی "ئایچی"، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی جۆزەردان، مەلا سەید "عومەر حسێنی"، لە شاری شیرازدا کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا سەید "عومەر"، کەسێکی نیشتمانپەروەر بوو کە بە هۆی وتارە بەرز و نیشتمانپەروەرانەکانی و هەروەها دڵسۆزییەکانی بۆ گەل و خاکەکەی، خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە بوو.

ناوبراو، وێڕای باوەڕی ئایینی، باوەڕێکی قووڵی بە کوردایەتیش هەبوو و هەڵوێستی نەتەوایەتیی بەرز دەنرخاند.

پاش ئەزیەت و بانگکردنەکانی خەڵک لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە هۆی بەڕێوەچوونی نەورۆزی جامانەکان، مامۆستا سەید "عومەر"، هەڵوێستی توندی بە دژی داگیرکەرانی کوردستان دەگرت و بە کردەوە و وتاری نەترسانە، پاڵپشتیی لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات و شادیی خەڵکی سەقز و ناوچە کوردنشینەکان دەکرد .

کاتژمێر چواری ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، تەرمی مەلا سەید عومەر لەنێو ئاپۆڕای خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکە، لە گۆڕستانی ئاوایی ئایچیدا، بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.