کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

13:01 - 3 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و چەندین پرس و بابەتیان تاوتوێ کرد.

ڕۆژی دووشەممە، ٢ی بانەمەر، دوکتور ''کەماڵ سەیدۆ''، بەرپرسی  بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە "ڕێکخراوی پارێزگاری لە گەلانی لە مەترسیکەوتوو" لە وڵاتی ئالمان و کەسایەتیی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتەوە،  بە سەرپەرەستیی حەسەن شەرەفی، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب پێشوازی لێ کرا.

لەم دانیشتنەدا، دوو لایەن کۆمەڵێک پرس و بابەتیان سەبارەت بە پرسی کورد لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێ کرد و ئاماژەیان بە سیاسەتی وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا کرد و سیاسەتی سەربەخۆیی حیزبەکانیان بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی مافە نەتەوەیییەکانی کورد بە هۆکارێکی گرینگ بۆ بەرەوپێشچوونی پرسی کورد زانی.

لەم دیدارەدا، دوکتور کەماڵ سەیدۆ ئاماژەی بە سیاسەتە دروستەکانی شەهید دوکتور قاسملوو  بە نیسبەت دەستوەرنەدان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد و وتی: پێویستە کوردی هەر چوارپارچە لەو سیاسەتە ئوسوولی و دروستە پەیڕەوی بکات.

هەروەها لەم دانیشتنەدا، سەبارەت بە سیاسەتی نێودەوڵەتی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بونیات نراوە و گرینگە کوردیش سیاسەتی خۆی لە بەر ڕووناکایی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەی دەستنیشان و پەیڕەو بکات، باسی لێ کرا.

لە کۆتاییی ئەم دیدارەدا، دوکتور کەماڵ سەیدۆ سپاسی پێشوازیی گەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و بە ڕێزەوە لە لایەن هەیئەتی حیزبەوە بەڕێ کرا.