کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی ناسراوی کامیاران کۆچی دوایی کرد

18:01 - 11 رەزبەر 2720

حاجی "عەبدولمحەممەد پەرویزی" کەسایەتی ناسراو و خۆشناوی کامیاران ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ی کوردی، بەرامبەر بە ١٣٩٩ی هەتاوی کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ بە کاتی کرماشان، "حاجی عەبدولمحەممەد پەرویزی" کەسایەتیی ناسراو و خۆشناوی کامیاران کۆچی دوایی کرد.

"حاجی عەبدولمحەممەد" کوڕی "مەجید پەرویزی و ئاسیە ئیبراهیمی"، ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە گوندی "گومەتە"ی سەر بە شاری کامیاران لەدایک بوو  و دوای مەرگی باوکی لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی، لە  شاری کامیاران نیشتەجێ بوو.

حاجی عەبدولمحەممەد، کەسێکی خۆشناو و ناسراوی کامیاران بوو کە بەهۆی کەسایەتی خۆی و بنەماڵەییەکەی، بەردەوام بە دەم خەڵکەوە بوو و لای خەڵکی کامیاران کەسێکی جێگای ڕێزی تایبەت بوو.

حاجی عەبدولمحەممەد لە بنەماڵەی شەهیدان "عەباس و تایەر پەرویزی و شەهیدان ئیسماعیل و سالار ئیبراهیمی" بوو و جێی ئاماژەیە کە کوڕێکی حاجی عەبدولمحەممەد، بە ناوی "کەریم پەرویزی" پێشمەرگەی هێزی پيشمەرگەی کوردستانە و لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایە و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ئەم حیزبەیە.

حاجی عەبدولمحەممەد، کە بە درێژایی تەمەنی کەسێکی خاکی و خەڵکی بوو، بە دوای پەیوەستبوونی کوڕەکەی بە ریزی پێشمەرگەکانی کوردستان، بەردەوام بۆ ماوەی نزیک بە بیست ساڵ لە ژێر گوشار و هەڕەشە و لێپرسینەوەی دەزگا ئیتلاعاتیەکانی ڕێژیمدا بوو.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەر لە تەمەنی ٧١ ساڵی و بەهۆی  نەخۆشی، دڵی حاجی عەبدولمحەممەد لە لێدان کەوت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پەرویزی، ئیبراهیمی و هەموو خەڵکی تێکۆشەری کامیاران دەکات و خوازیار و دڵنیایە کە ڕێگای کەسانی نیشتمانپەروەری وەکوو ئەو پڕ ڕێبواره و سەنگەری پێشمەرگەی کوردستان ئاوەدان دەبێ.