کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی ناوداری کرماشان کۆچی دوایی کرد

16:33 - 13 رەشەمه 2719

کەسایەتییەکی دیار و ناودار، کوردپەروەر، خەڵکی و خاکی، لە ناوچەی کرماشان و دیاری یارسان بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی ڕەشەمە، "مام عەزیزخان بێهرووزی"، کەسایەتیی ناودار و نیشتمانپەروەری خەڵکی کرماشان و دیاری یارسان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا لە شارەکەی خۆی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"مام عەزیزخان"، لە ساڵەکانی ٧٠ی هەتاوی بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکی و هاوکاریی پێشمەرگە و تیمی پێشمەرگە کە لە ناوچەی  "داڵاهۆ" و "سەرپێڵ" بوون، بۆ چەند جار لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان و مەیدانی نەوتی کرماشان وەک ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی\ی پاسداران، هەروەها لە شاری "هاروین ئاوا" و "کرێند"، دەسبەسەر کراوە.

هەروەها بەهۆی ئەوەیکە برا و خوشکەزایەکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و جار بە جار لە ناوچە حوزووریان هەبووە، هەمیشە لەژێر چاوەدێریی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ڕێژیم بووە.

"مام عەزیز" هەر جارە و بە بیانووگەلێک بانگهێشتی ئیتلاعاتی ڕێژیم کراوە و کەوتووەتە بەر لێپرسینەوە.

 ناوبراو خەمخۆری خاک و خەڵکەکەی بووە و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی ئەڵقەی پەیوەندیی کەسانێکی کوردپەروەر لەگەڵ حیزبدا بووە.

"مام عەزیزخانی بێهرووزی" ،ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەشەمە، لە زێدی باب و باپیرانی و لەنێو ئاپۆڕای خزم و کەسوکار و خەڵکی داڵاههۆدا، لە مەزارستانی "بانمیلی دووشەمیان" سەر بە ناوچەی گۆرانی کرماشان، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە ناودار و نیشتمانپەروەرەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکار و خەڵکی کرماشان بەگشتی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.