رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسایەتییەکی ناوداری ناوچەی "سەلاسی باوەجانی" بە ناوی حاجی " ئەحمەد ئەحمەدی" کوڕی حاجی "مەحموود" لە بنەماڵەی " کزێـ"ـی سەر بە هۆزی گەورەی "قۆچاڵی" لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا، بە هۆی جەڵتەی دڵەوە، لە نەخۆشخانەی شاری "ئیسکلیستونا"ی وڵاتی سوید ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجی "ئەحمەد ئەحمەدی" کە تەنیا برای حەوت خوشک دەبێ، لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە سەلاسی باوەجانی، بەناوی گوندی "حەوت کانی" لە ناوچەی "گاڕێ" لەدایک بووە و هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە شاهیدی دەیان رەنج و کوێرەوەریی بنەماڵە و خەڵکەکەی بوو.
ناوبراو لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، بە هۆی بارودۆخی دژواری ئەودەمی کوردستان و شەڕی رێژیمی ئاخوندی دژی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاوارەیی و بێدەرەتانی، هاوکات لەگەڵ خەڵکەکەی بە ناچار رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ دێڵێ و لە عێراق دەگیرسێتەوە.
بنەماڵەی ناوبراو یەک لەو بنەماڵە کوردە ئاوارانەی ناوچەکانی کرماشان بوون کە هەر زوو لە لایەن حکومەتی بەعسەوە بە زۆرەملێ گوێزرانەوە بۆ باشووری رۆژئاوای عێراق و لە کەمپی "الطاش"ی سەر بە پارێزگای "الانبار" گیرسانەوە.
لە دوایین جەنگی خەلیج لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیدا، بنەماڵەکەی هاوکات لەگەڵ دەیان بنەماڵەی دیکەی کوردی ئاوارەی دانیشتووی کەمپی "الطاش" لە ترسی گیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان، بەرەو سنووری وڵاتی ئۆردۆن دەڕۆن و لە کەمپی" الکرامە" جێگیر دەکرێن.
ئەوان پاش چەند ساڵ مانەوە لەو کەمپە دوورەدەست و کاکی بەکاکییەدا، پاش ئەوەی کە وڵاتی سوید وەریان دەگرێ وەک پەنابەر، بەرەو وڵاتی سوید بەڕێدەکەون و لەو وڵاتە دەگیرسێنەوە.
حاجی ئەحمەد یەکێک لەو کەسانە بوو کە هەردەم لە دژی رێژیمی ئاخوندیی ئێران لە خەباتدا بووە و هەردەم ئاواتی دەخواست رۆژێک بە ئازادی بگەڕێتەوە نێو خەڵکەکەی. ئەو خەڵکی ناوچەی پانوبەرینی سەلاسی باوەجانییە کە دەیان کەسیان لە خەباتی نەتەوەیی کورددا لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی خەباتی نەتەوەیی بوونە و لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی دیکەی کوردستاندا تێکۆشاون و قوربانییان داوە.
ناوبراو تا دوا ساتەکانی ژیانی جگە لەوەی کە بەردەوام لە رێی جۆراوجۆرەوە یارمەتیی بزووتنەوەی کوردی لە کوردستانی ئێران و یەک لەوان "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران"ی داوە، وەفادار مایەوە بە رێبازی پێشەوا قازی و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە هەڵواسینی وێنەی پێشەوا و ئاڵای کوردستان لە ماڵەکەیدا، بەردەوام دەیگووت: "رێبازی کوردایەتیی من هەر رێ و رێبازی پێشەوا قازییە".
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.