کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد

17:54 - 28 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک "محەممەد ئومیدوار" کوڕی کاک "مستەفا ئومیدوار" کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری خەڵکی شاری شنۆ لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک "محەممەد" لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر لەدایک بووە و کاتێک کە تەنیا مێرمنداڵێک بوو بەهۆی ئەوەیکە مامی ناوبراو بە ناوی کاک "ئیبراهیم ئومیدوار" دژی سیاسەتی ڕێژیمی شا بەرانبەر گەلی کورد دەوەستێت، بڕیار لەسەر بنەماڵەکەیان دەدرێت کە دەبێ زێدەکەیان "شاروێران" بەجێ بهێڵن.

بنەماڵەی کاک "محەممەد" بە ناچاری ناوچەی شاروێران بەرەو شاری شنۆ بەجێ دەهێڵن و بۆ ماوەیەک لە گوندی "حەسەن‌نوورانـ"ـی شنۆ و پاشان بۆ هەمیشە لە شاری شنۆ نیشتەجێ دەبن.

کاک محەممەد لە سەرەتای خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات یارمەتیدەرێکی باشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو و بەو هۆیە ڕێژیمی داگیرکەری گەل و نیشتمان ناوبراو دەسبەسەر دەکات و بۆ ماوەی سێ ساڵ دەخرێتە زیندان.

پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر و تێپەڕکردنی ماوەی زیندانییەکەی و ئازادبوونی، دەست بە پیشەی موسافرکێشی لە شاری شنۆ و ناوچە دەکات. بەڵام واز لە هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات ناهێنێت.

لەو کاتەی کە ناوبراو خەریک بە موسافرکێشی بووە ئەرکی گرینگی ڕاگواستنی خاتوو "نەسرین" خێزانی وەفاداری شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو لە "شنۆ"وە بۆ ورمێ وەستۆ دەگرێت و ئەو ئەرکە بە باشی ئەنجام دەدات.

کاک "محەممەد" هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدانی حیزب و گەل مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری شنۆ و ناوچە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.