کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە کوردستان کۆچی دوایی کرد

13:00 - 17 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی هەینی ١٥ی گەلاوێژ سەرگوردی خانەنشینکراو کاک "داوود بێهروزی" لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی خەڵکی ناوچەی "دوشەمیانی داڵاهۆ" سەر بە پارێزگای "کرماشان" بەهۆی نەخۆشیی "کۆرۆنا" بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "داوود بێهرووزی" دوای تێپەڕکردنی قۆناغی دواناوەندی دەچێته نێو ئەرتش و له ڕشتەی "تلتایپی‌ موخابرات" خوڵی فێرکاریی خۆی تێپەڕ دەکات.

 بەهۆی زیرەکی و لێهاتوویی لەو ڕشتەیەدا دەخرێتە نێو پێڕستی ئەو کەسانەی کە بڕیار بووە له وڵاتی ئامریکا دەورەی تایبەتیی ئەم ڕشتەیە تەواو بکەن.

ساڵی  ٥٧ کە شۆڕشی گەلان له ئیران سەر دەکەوێت ناوبراو ئەم دەرفەتە له دەست دەدات و له شاری "شیراز"ەوه نەقڵ دەکرێت بۆ لەشکەری ٢٨ له "سنه".

نابراو لەو کاته ناسکەدا لەگەڵ بەشێک له دەرەجەداران و ئەفسەرانی کورد که بیری ئازادیخوازی و کوردایەتیان هەیه ئاشنا دەبێت و لەم ڕاستایەدا هاوکارییەک لەنێوان خۆیاندا پێک دێنن بۆ یارمەتیدان به خەڵکانی نێو شاری "سنه".

له کاتی شەڕی نەورۆزی خوێناویی "سنه" و هەروەها شەڕی داسەپاوی ساڵی ٥٩دا، کاک "داوود" یەکێک لەو کەسانه بووە که دانیشتووانی دەوروبەری پادگان خەبەر دەکات کە گیانی خۆیان له ژێر خۆمپارەباران و دیواری سەوتیی فڕۆکەکان ڕزگار بکەن و بێنە نێو پادگانەکان.

سەرگورد "بێهرووزی" به هاوکاریی هاوڕێیانی خۆی بەشێکی زور له دانیشتووانی دەوروبەری پادگان دەباتە نێو ئاپارتمانەکان و ماوەیەک خۆی سەرپەرەستییان دەکات و بەوهۆیەوه ماوەیەک سەرکۆنە دەکرێت و له ساڵی ٥٩دا بۆ شاری "کرماشان" نەقڵ دەکرێت.

 هەروەها لە سێناریۆی ڕێژیم بۆ دروستکردنی دووبەرەکێ لەنێوان هەندێک له گوندەکانی ناوچەی  "داڵاهۆ"دا یەکی لەو کەسایەتیانه بوو که به پەروشەوه هەوڵی کۆتایی‌هێنان بەو دووبەرەکێیانەی دا و هەتا ئاخرین هەناسەی ژیانی به دوای یارمەتی و ڕێکخستنی کاروباری خەڵکانی ئەم ناوچەیە بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ ئەو کەسایەتییە دڵسۆزە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.