کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:32 - 24 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە وڵاتی "تورکیە" کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بەفرانبار، کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بە ناوی "سەید عیزەت سەید ساڵحی" کوڕی "سەید شەمسەدین"، خەڵکی گوندی"گەردیا" و دانیشتووی گوندی "باژێرگە" سەر بە ناوچەی "سەڵماس"، بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی "تورکیە" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"سەید عیزەت" ماوەی پێنج ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و زۆر چالاکانە و بوێرانە لە شەڕ و بەرگری بۆ پاراستنی نیشتمان، دژی ڕێژیمی داگیرکەر، بەشداریی کردووە.

ناوبراو پاش پێنج ساڵ پێشمەرگایەتی، لەسەر ئیزنی حیزبی دێموکرات، گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی.

"سەید عیزەت" وەک کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەکە، ماڵی شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگە بووە و هەتا دواساتەکانی ژیانی، تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی ڕێژیم نەبوو و بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.

بڕیارە تەرمی ناوبراو، لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپەردە بکرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.