کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:34 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری خەڵکی شاری نەغەدە، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ١ی پووشپەڕ، کەسایەتییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بە ناوی ''حەمزە نەشجەت'' (بەخشیدی)، کوڕی مام ڕەحیم، خەڵکی گوندی ''شاوەلە''ی سەر بە شاری نەغەدە، کۆچی دوایی کرد.

مام "حەمزە"، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بووە و لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە ئەندامی هێزی بەرگریی نەتەوەیی و دۆست و یاری وەفاداری حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە.

لە گوندی "شاوەلە" کە چەندین بنکە و بارەگای حیزبی دێموکراتی لێ بووە، مام حەمزە هەمیشە بە گیان و بە دڵ هاوکاریی پێشمەرگەکانی دەکرد. ناوبراو کەسێکی باوەڕپێکراو لە نێو پێشمەرگەکانی هێزی "قەندیل" و هێزی "ئەفشینـ"دا بووە.

تەرمی مام حەمزە لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکار و بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.