کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی گوندی "تەنگیسەر"ی شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد

13:23 - 20 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، "محەممەد عەلی عەیوەزی" ناسراو بە "وەستا حەمە عەلی" کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی گوندی "تەنگیسەر"ی سەر بە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو لە سەرەتای منداڵییەوە بە بیری نیشتمانپەروەری و خەڵکخۆشەویستی پەروەردە کراوە و هەر لە زێدی خۆی دەستی کردووە بە  نەجاڕی و بەنایی و هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری خەڵک بووە و دەوترێت زۆربەی ماڵەکانی گوندەکانی تەنگیسەر، نییەر و مێراو بە دەستی ئەو دروست کراون.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، کە هێرشی دڕندانەی ڕێژیم بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستان دەستی پێ کرد، بەهۆی هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات ناوبراو لەلایەن ڕێژیمەوە خرایە ژێر چاوەدێری و چەندین جارهێرش کرایە سەر ماڵەکەی و ماڵەکەی پشکێندرا و بەهۆی ئەوەی کە دواتر برایەکی ناوبراو بە ناوی "عەبدولحوسێن" هاتووەتە ڕیزی هێزی پێشمەرگەوە، گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر ناوبراو زیاتر بووە و هەر جارناجارێ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کراوە و جارێکیان بۆ ماوەی سێ شەو لە ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە.

ناوبراو چەندین جار لەلایەن مۆرە و جاشەکانی ڕێژیم و گرووپی زەربەتەوە کەوتووەتە بەر پەلامار و لێدان و بێڕێزیپێکردن و بەو هۆیەوە بینایی چاوی کەم ببووەوە و تووشی شکان و ئازاری سەر ببوو و تا کۆتایی تەمەنی بەو ئازارەوە دەیناڵاند و نزیک بە بیست ساڵ بوو کە لە باری جەستەییەوە لاواز ببوو.
 
سەرەڕای هەموو گوشارەکان ناوبراو هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەریی پێشمەرگە و شۆڕش  و ماڵەکەی هەمیشە جێگای حەسانەوەی پێشمەرگە بووە. چەندین جار پێشمەرگەی لە باخەکانی سێواندەر حەشار داوە و سەرەڕای دەسکورتیی بنەماڵەکەی یارمەتیی ماڵیی حیزبی داوە و ئیمکاناتی پزیشکیشی بۆ حیزب و پێشمەرگە دابین کردووە.
 
ناوبراو تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ئامانجە بەرزەکانی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد مایەوە.

بەداخەوە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی مام محەممەد عەلی عەیوەزی لە نەخۆشخانەی سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بە ڕێزەوە تەرمەکەی لەلایەن خەڵکی ناوچە، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

ڕۆژێک دواتر واتە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ ئەندامانی تێکۆشەر و ماندوویینەناسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی ئەو کەسایەتییە گەورەیە چوونە سەر گڵکۆکەی و گڵکۆی ناوبراویان بە جامانە و گوڵی سوور ڕازاندەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و هەموو بنەماڵەی "عەیوەزی" و سەرجەم خەڵکی ناوچەکە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.